ورمێ؛ سزای لەسێدارەدان بۆ ڕزگار بەیگزادە بابامیری 

ڕزگار بەیگزادە بابامیری، لە دەستبەسەرکراوانی ناڕەزایەتییەکانی ١٤٠١، بە بڕیاری دادگای شۆڕشی شاری ورمێ بە لەسێدارەدان سزادرا.

بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، بە وەرگرتنی لە هێرانا، بە بڕیاری لقی یەکی دادگای شۆڕشی شاری ورمێ، ڕزگار بەیگزادە بابامیری، لە دەستبەسەرکراوانی ناڕەزایەتییەکانی سەرتاسەری ١٤٠١، بە لەسێدارەدان سزادرا.

عوسمان مەزین، پارێزەری ڕزگار بەیگزادە بابامیری، لە گفتوگۆ لەگەڵ هێرانا گوتی کە بڕیاری لەسێدارەدان دوێنێ لەلایەن لقی یەکی دادگای شۆڕشی شاری ورمێ دەرچووە و بانگهێشتێک بۆ پارێزەری دۆسیەکە بۆ ئامادەبوون و وەرگرتنی بڕیارەکە نێردراوە. ناوبراو گوتیشی لە ئێستادا بڕیاری دەرچوو بۆ چ تۆمەتێکی ناوبراو نادیارە.

بەپێی بڕیاری دەرچوو، ڕزگار بەیگزادە بە تۆمەتەکانی وەکو شەڕەنگێزی، بەغی، گردبوونەوە و پشتیوانی دژی ئاسایشی نەتەوەیی، پشتیوانی دارایی تیرۆریزم، بانگەشە دژی ڕژیم، سیخوڕی، هاوکاری لەگەڵ دەوڵەتانی دوژمن، هەڵگرتنی چەکی بێمۆڵەت، ئەندامێتی لە کۆمەڵەکانی نایاسایی، هەبوونی ئامێری پەیوەندی غەدەغەکراو (وەکو ستارلینک) و بەشداری لە تیرۆردا تۆمەتبار کراوە.

لێکۆڵینەوەی دۆسیەکە لە سەرەتادا لە لقی دەی لێکۆڵەری شاری ورمێ ئەنجامدرا و دواتر بۆ دادگای شۆڕش و تاوان نێردرابوو.

شایانی باسە لە گوڵانی ١٤٠٤، سزای پازدە ساڵ زیندانیی ڕزگار بەیگزادە بابامیری بە تۆمەتی “بەشداری لە کوشتن لە ئاخێزی ناڕەزایەتییەکانی سەرتاسەری ١٤٠١”، لەلایەن دادگای پێداچوونەوەی پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا پەسەندکرابوو.

ئەم زیندانییە سیاسییە ئێستا لە زیندانی شاری ورمێ زیندانیکراوە، پێشتر لە خاکەلێوەی ١٤٠٢ لە شاری بۆکان دەستبەسەرکرا و پاش چوار مانگ لە گرتووخانەکانی ڕژیم، بۆ زیندانی شاری ورمێ گواسترابوویەوە.

کۆڵبەرنیوز

You May Like