ئەحمەد مام شەریفی، سادق مەحموودنەژاد، سەید ڕەحمان حسێنی و ئاریان مەشایخی، چوار هاووڵاتی خەڵکی شاری پیرانشار لەلایەن هێزەکانی ڕژیم دەستبەسەرکران و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترانەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، ڕۆژی پێنجشەمە ٢٩ی جۆزەردانی ١٤٠٤، ئاریان مەشایخی، خەڵکی گوندی “گردەڕەحمەت” و سادق مەحموودنەژاد، خەڵکی گوندی “جران” لە شاری پیرانشار لەلایەن هێزەکانی ڕژیم دەستبەسەرکران و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترانەوە. بەپێی ڕاپۆرتێکی دیکە، ڕۆژی هەینی سی جۆزەردان، سەید ڕەحمان حسێنی و ئەحمەد مام شەریفی، خەڵکی گوندی “سێڵوە” و دانیشتووی شاری پیرانشار لەلایەن هێزەکانی ڕژیم دەستبەسەرکران و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترانەوە. بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، هێزەکانی ڕژیم بەبێ بڕیاری دادوەر ئەم هاووڵاتییانەیان دەستبەسەر کردووە.
شایانی باسە، سادق مەحموودنەژاد، لە بریندارانی چاوی و دەستبەسەرکراوانی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ژینا بووە. ناوبراو بۆ پازدە ڕۆژ لەلایەن هێزەکانی ڕژیم دەستبەسەرکرا و لێپرسینەوەی لێکرابوو، پاشان بە کەفالەت بە شێوەی کاتی ئازادکرا و دواتر لە دوو دۆسیەی جیاوازدا لەلایەن دادگاکانی شۆڕش و تاوان بە زیندان و سزای نەقدی سزادرا. ناوبراو لەلایەن دادگای شۆڕشی شاری مەهاباد بە تۆمەتەکانی “ئەندامێتی لە حیزبێکی کوردی دژبەری حکوومەتی ئێران” و “بانگەشە دژی ڕژیم” بە پێنج ساڵ و شەش مانگ زیندانیکردن سزادرا. هەروەها لە گەلاوێژی ١٤٠٢، لەلایەن لقی ١٠٢ی دادگای دووی شاری پیرانشار بە تۆمەتی “تێکدان لە سیستەم و ئاسایشی گشتی لە ڕێگەی بەشداری لە ناڕەزایەتییەکان و هاندانی هاووڵاتییان بۆ توندوتیژی لە ڕێگەی تۆڕەکانی کۆمەڵایەتی” بە سێ مانگ زیندانی تەعزیری و سی لێدانی شەلاق سزادرا و پاش ناڕەزایەتی ئەم سزایە بۆ هەشت ملیۆن تمەن سزای نەقدی گۆڕدرابوو. ناوبراو لە دوازدەی بەفرانباری ١٤٠٢، پاش بانگهێشتی بۆ لقی جێبەجێکردنی سزاکانی دادگای ئەم شارە دەستبەسەرکرا و بۆ جێبەجێکردنی سزای زیندانیی بۆ زیندانی شاری نەغەدە گواسترایەوە.

