بنیامین ڕەحیم پوور، زیندانیی سیاسی پێشووی شاری سنە، بۆ جێبەجێکرانی سزای ساڵێک زیندانیکردن دەستبەسەرکرا و بۆ زیندانیی ناوەندی ئەم شارە گواسترایەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، ڕۆژی یەکشەمە ٢٢ی پووشپەڕی ١٤٠٤، بنیامین ڕەحیم پوور، زیندانیی سیاسی پێشوو و هاووڵاتی تەمەن ٣٥ ساڵ خەڵکی گوندی ئەوێهەنگ لە شاری سنە، پاش بانگهێشتی بۆ لقی چواری جێبەجێکرانی سزاکانی دادگای شاری سنە دەستبەسەرکرا ا بۆ تێپەڕاندنی ماوەی سزاکەی بۆ زیندانیی ناوەندی ئەم شارە گواسترایەوە.
بنیامین ڕەحیم پوور، پێشتر لە ٢٦ی ڕێبەندانی ١٤٠٣، لەلایەن دادگای شۆڕشی شاری بە تۆمەتی «بانگەشە دژی ڕژیم» و «بانگەشە بۆ بەرژەوەندی حیزبێکی کوردی دژبەری ڕژیم» بە ساڵێک زیندانیی تەعزیری سزادرابوو.
دانیشتنی دادگایی ناوبراو لە ٢٢ی ڕێبەندانی ١٤٠٣، لە لقی یەکی دادگای شۆڕشی شاری سنە بەڕێوەچوو و سزای ناوبراو لە ٢٦ی ڕێبەندان بە ناوبراو ڕاگەیەندرا.
ڕۆژی شەمە بیستی ڕێبەندانی ١٤٠٣، بنیامین ڕەحیم پوور، پاش نۆزدە ڕۆژ دەستبەسەرکران بە کەفالەتی ٥٠٠ ملیۆن تمەن و بەڵگەنامەی دووکانەکەی بە کاتی و تا تەواوبوونی دادگاییەکەی لە زیندان ئازادکرا. بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، بنیامین ڕەحیم پوور لە ماوەی دەستبەسەرکرانیدا لە بینینی پارێزەر و بنەماڵەکەی بێبەش بوو.
ڕۆژی سێشەمە دووی ڕێبەندانی ١٤٠٣، بنیامین ڕەحیم پوور، لەلایەن هێزەکانی ڕژیم دەستبەسەرکرابوو. هێزەکانی ڕژیم هێرشیان کردە سەر دووکانی ئەم هاووڵاتییە و بە توندوتیژی ناوبراویان دەستبەسەر کردووە و دواتر بۆ گرتووخانەی ئیتلاعاتی سوپای شەهرامفەر گواسترابوویەوە.
بنیامین ڕەحیم پوور، خێزاندارە و باوکی دوو منداڵە.

