بۆکان؛ چوار ئەندامی یەک خێزان لە شوێنی کارەکەیان دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترانەوە

چوار هاوڵاتی خەڵکی گوندی «کانی‌ڕەش»ی سەر بە شاری بۆکان بە ناوەکانی حەسەن، مەسعوود، ناسر و شەهاب قورغچی، لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە لە شوێنی کارەکەیان دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترانەوە. سیانیان برای یەکترن و چوارەمیان ئامۆزایانە.

بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، ڕۆژی شەممە ٢٣ی خەزەڵوەری ١٤٠٥، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی بۆکان سەردانی شوێنی کاری چوار هاوڵاتی خەڵکی گوندی کانی‌ڕەشی سەر بە بۆکانیان کرد بە ناوەکانی حەسەن، مەسعوود، ناسر و شەهاب قورغچی، لە ناوچەی میراوای ئەم شارە، و بەبێ پیشاندانی بڕیاری دادوەری دەستبەسەریان کردوون. دەستبەسەرکراوەکان دوای دەستبەسەرکردنیان بۆ شوێنێکی نادیار گواستراونەتەوە.
بەپێی زانیارییە بەدەستهاتووەکان، ئەم چوار هاوڵاتییە لە مانگەکانی ڕابردوودا چەندین جار بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی بۆکان بانگهێشت کرابوون و بۆ ماوەیەک لە ژێر لێکۆڵینەوە و دەستبەسەریدا بوون و پاشان ئازاد کرابوون.

شایەنی باسە کە یەکێک لە هۆکارەکانی بانگهێشتکردنەکانی پێشووی ئەوان، ناڕەزایی دەربڕین بووە بەرامبەر بە دانانی کانکسەکانی سوپا لەبەردەم دووکانەکانیان؛ کانکسگەلێک کە بووبوونە هۆی داپۆشینی دیمەنی دووکانەکان و تێکدانی چالاکی بازرگانییان. سەرەڕای داواکاریی ئەم هاوڵاتییانە بۆ گواستنەوەی کانکسەکان، ئەم مەسەلەیە بووە هۆی بانگهێشتکردنیان بۆ ناوەندە ئەمنییەکان.

هەروەها بەکارهێنانی نیشانەی «هەڵۆ» وەک لۆگۆی دووکانەکانی ئەم هاووڵاتییانە، یەکێک لە هۆکارەکانی دیکە بووە کە بەگوێرەی سەرچاوە ئاگادارەکان بووەتە هۆی بانگهێشتکردنیان و هێزە ئەمنییەکان بەکارهێنانی ئەم نیشانەیان قەدەغە ڕاگەیاندبوو.

تا کاتی ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە، زانیاری ورد لەبارە هۆکاری دەستبەسەرکرانی ئەم دواییەی ئەم چوار هاوڵاتییە و شوێنی بەندکردنیان بڵاو نەکراوەتەوە. هەروەها ئەم هاووڵاتیانە لە کاتی دەستبەسەرکردنیانەوە تاکو ئێستا لە دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکانیان بێبەش کراون.

کۆڵبەرنیوز

بابەتی پەیوەندیدار