وەرگەڕانی پاسێکی هەڵگری کرێکارانی پاڵاوگەی گازی دێلوڕان لە ڕێگای ئاودانان، بووە هۆی گیانلەدەستدانی ١٢ کرێکار و برینداربوونی ١٦ کەسی دیکە.

بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، ڕۆژی یەکشەممە ٢٤ی خەزەڵوەری ١٤٠٥، لە ئەنجامی وەرگەڕانی ئوتوبوسێکی هەڵگری کرێکارانی پاڵاوگەی گازی دێلوڕان کە ئێوارەی شەممە لە ڕێگای ئاودانان ڕوویدا، لانیکەم ١٢ کەس گیانیان لەدەستدا و ١٦ کەسی دیکە بریندار بوون.
بەپێی ئەو زانیارییانەی بڵاوکراونەتەوە، ئەم پاسە ٢٨ کەسی تێدابووە، لەوانە ٢٧ موسافیر و یەک شۆفێر. لە نێو بریندارەکاندا، ١٠ کەس لە نەخۆشخانەی گەورەی دزفول، پێنج کەس لە شوێنە دەرمانییەکانی ئاودانان و یەک کەس لە ئیلام خەریکی وەرگرتنی چارەسەرن. هەروەها سێ لە موسافیرەکان دوای گواستنەوەیان بۆ نەخۆشخانە گیانیان لەدەستداوە.
ناسنامەی ١٢ کرێکارە گیانلەدەستدراوەکەی ئەم ڕووداوە بەم شێوەیە ڕاگەیەندراوە: ئەمین محەمەدوەلی، محەمەدڕەزا محەمەدی، سەعید غولامی، لوتفوڵڵا مورادی، ڕووحوڵڵا عەلیجانی، فەریبۆرز هادی زادە، سەججاد نەسڕوڵڵاهی، بەهرام تەهماسبی، محەمەد ڕەحیمی، موسا ڕەحیمی، ئەحمەد تەقیزادە و ئەییووب حەسنەوەند.
بەهۆی سەختی برینەکانی هەندێک لە بریندارەکانەوە، مەترسی زیادبوونی ژمارەی گیانبەختکردووان هەیە. تا ئێستا هۆکاری وەرگەرانی پاسەکە ڕانەگەیەندراوە.

