
لە ناوەڕاستی تاران، چەند دیوارێک هەن کە چیتر ڕیکلام و ڕاگەیاندنیان لەسەر نییە، بەڵکوو ئێستا بوونەتە دەفتەری کارەساتێکی مرۆیی. ژمارەی تەلەفۆنی کەسانێکیان لەسەر نووسراوە کە ئامادەن گورچیلە، بەشێک لە جگەر، کۆرنیەی چاو یان مۆخی ئێسک بفرۆشن. ئەم ڕیکلامانە نەک دیاردەیەکی پزیشکی، بەڵکوو نیشانەی ئەو کەلێنە چینایەتییەن کە ڕۆژ بە ڕۆژ قووڵتر دەبێتەوە.
پرسیار ئەوە نییە بۆچی کەسێک ئەم بڕیارە دەدات. بەڵکوو ئەوەیە کە: بۆچی فرۆشیارەکان بەردەوام سەر بە یەک چینن؟ لە هیچ یەک لەو ڕیکلامانەدا شوێنپێی خاوەن سەرمایە، خاوەن زەوی یان کەسێکی کە میراتی پێگەیشتووە نابینیت. فرۆشیار کەسێکە جگە لە هێزی کار و جەستەی خۆی هیچی دیکەی نییە. کاتێک فرۆشتنی هێزی کار ژیانی پێ دابین ناکرێت، نۆرە دەگاتە فرۆشتنی خودی جەستە.
زۆربەیان مووچەخۆر، کرێکار، خاوەن پیشەی بچووک و کرێکارانی بەشی نافەرمی ئابوورین. هەمان ئەو کەسانەی بە کاری ڕۆژانەیان چەرخی ئابووری دەسووڕێنن، بەڵام کەمترین بەشیان لە بەرهەمەکەی پێدەگات. نە پاشەکەوتیان هەیە، نە موڵک، نە کەسێکی کە لە ڕۆژە سەختەکاندا پشتیان بگرێت.
چیرۆکەکانی پشت ئەم ژمارانە هاوشێوەی یەکن: کرێ و ڕەهنێکی کە چیتر ناتوانرێت بدرێت، چەکێکی کە کاتی دانەوەی بەسەرهاتووە، قەرزێکی کە لەسەر قەرزی کۆن کەڵەکە بووە، و خەرجی دەرمان و چارەسەرێکی کە لە توانای بنەماڵەکان بەدەرە. قەیرانی خانووبەرە سەرەکیترین هۆکاریانە. بۆ خاوەن موڵک، گرانبوونی خانوو واتە زیادبوونی سامان. بۆ کرێچی، واتە بەشێکی زیاتری مووچەکەی دەچێتە گیرفانی کەسێکی دیکەوە.
هەربۆیە فرۆشتنی ئەندامەکانی جەستە ڕێگایەک نییە بۆ باشترکردنی ژیان، بەڵکوو هەوڵێکی بەپەلەیە بۆ ئەوەی دۆخی بنەماڵەیەک لەوەی کە هەیە خراپتر نەبێت، واتە: لە ماڵەوە نەکەوێتە سەر شەقام و لە قەرزدارییەوە بۆ زیندان.
لەم ساڵانەی دواییدا، هەڵاوسان تێچووی خانوو، خۆراک، چارەسەر و هاتوچۆی زۆر بەرز کردووەتەوە. بەڵام حەقدەستی کرێکاران و مووچەخۆران هاوتەریبی هەڵاوسان بەرز نەبووەتەوە. هەڵاوسان لە ڕواڵەتدا بۆ هەمووان وەک یەکە، بەڵام لە کردەوەدا ڕێگایەکە بۆ گواستنەوەی سامان لە خوارەوە بۆ سەرەوە. خاوەنانی موڵک، دراوی بیانی و سامانی فیزیکی لێی سوودمەند دەبن. ئەوانەی تەنیا حەقدەستی ڕیاڵییان هەیە، تێچووەکەی دەدەن.
زۆر کەس، تەنانەت بە کاری تەواو وەخت و چەند کارێکی هاوکاتیش، بە دڵنیایی ئابووری نەگەیشتوون. ئەو بەڵێنە کۆنەی کە دەیوت کاری شەرەفمەندانە ژیانێکی ئابڕومەندانە دەهێنێت، بۆ بەشێکی زۆری چینی کرێکار شکاوە.
کاتێک بەهای هێزی کار لە بازاڕدا لە تێچووی بەرهەمهێنانەوەی کەمتر بێت، کرێکار ناچار دەبێت ئەو کەمییە لە شوێنێکی دیکەوە قەرەبوو بکاتەوە. سەرەتا قەرزوقۆڵە، پاشان فرۆشتنی کەلوپەلی ناوماڵ، و لە کۆتاییدا فرۆشتنی بەشێک لە جەستە. فرۆشتنی ئەندامەکانی جەستە دوایین ئەڵقەی ئەم زنجیرەیە، شوێنکی کە بازاڕ دەگاتە خودی جەستە.
بۆ کرێکار و زەحمەتکێش، جەستە گرنگترین ئامرازی بەرهەمهێنانە. شوفێر، کرێکاری بیناسازی، بارهەڵگر و دەستفرۆش، داهاتەکەیان ڕاستەوخۆ لە ڕێگەی توانای جەستەیانەوە بەدەست دەهێنن. سەرمایەدار ئامێر، زەوی یان پارەی هەیە. کرێکار تەنیا جەستەی هەیە.
لە بارودۆخی ئاساییدا، کرێکار توانای کارکردنی جەستەی بەپێی کاتژمێر بە کرێ دەدات و خودی جەستە هی خۆی دەمێنێتەوە. فرۆشتنی ئەندامەکانی جەستە ئەم سنوورە تێکدەشکێنێت. ئەمجارە نەک کاری جەستە، بەڵکوو خودی جەستەیە کە دەبێتە کاڵا. ئەمە شکڵێکە لە بەکاڵابوون کە ڕۆچووەتە ناو گۆشت و ئێسکەوە.
ئەوەی کە فرۆشیاران لە ڕیکلامەکاندا جەخت لەسەر تەندروستیی خۆیان دەکەنەوە، هەمان لۆژیکی بازاڕ نیشان دەدات. تەندروستییەک کە تا دوێنێ زامنی بەردەوامیی کار بوو، ئەمڕۆ بووەتە تایبەتمەندییەکانی کاڵایەک. وەک هەر بازاڕێکی دیکە، کڕیار زۆربەی کات لە چینێکی دەوڵەمەندترە. تەندروستی، وەک زۆر شتی دیکە، لە خوارەوەی کۆمەڵگاوە بەرەو سەرەوە دەگوازرێتەوە.
فرۆشتنی ئەندامەکانی جەستە قەیرانی ئەمڕۆ بە فرۆشتنی داهاتوو چارەسەر دەکات. کرێکار بەشێک لە سەرمایە جەستەییەکەی دەفرۆشێت، هەمان ئەو سەرمایەیەی کە کار و داهاتی ساڵانی دواتری پێوە بەندە. لەشێکی لاوازتر، توانای کاری قورسی کەمتر دەبێت و لە بازاڕی کاردا بەهای کەمترە.
پارەی فرۆشتنی ئەندامێکی جەستە لەوانەیە کرێی چەند مانگێک یان چەکێکی درەنگ کەوتوو دابین بکات. بەڵام هۆکاری سەرەکیی قەیرانەکە، واتە ئەو کەڵێنە گەورەیەی نێوان حەقدەست و تێچووی ژیان، وەک خۆی دەمێنێتەوە. چەند مانگ دواتر، کەسەکە سەرلەنوێ لەگەڵ هەمان ئەو قەرزانە بەرەوڕوو دەبێتەوە، بەڵام ئەمجارە بە جەستەیەکی لاوازترەوە.
ئەمە هەمان ڕەوی ناسراوی بەرهەمهێنانەوەی هەژارییە. چینی هەژار و دەستکورت بۆ ئەوەی بژیت، سامانی داهاتووی خۆی ئەمڕۆ دەفرۆشێت و سبەی لە ئەمڕۆ هەژارتر دەبێت.
لە لایەکی دیکەوە، ئەو چینەی خاوەن دارایی و سامانە، هەمان قەیران وەک دەرفەتێک دەبینێت بۆ کەڵەکەکردنی هەرچی زیاتر.
فرۆشتنی ئەندامەکانی جەستە بژاردەیەکی دڵخواز نییە. ئەم بڕیارە لەناو سیستەمێکی ئابووری و دامەزراوەییدا دەدرێت کە ڕێوشوێنە پشتیوانییەکانی یەک لەدوای یەک داڕماون. بیمەی بێکاریی کارا، شوێنی نیشتەجێبوونی کۆمەڵایەتیی هەرزان، دەرمان و چارەسەری گشتی و حەقدەستی هاوتەریب لەگەڵ هەڵاوسان، هەموویان لە زومرەی ئەو بەربەستانە بوون کە دەبوو بەر لە گەیشتن بەم خاڵە پێشیان پێ بگیرێت. کاتێک کەسێک بۆ دانی کرێ گورچیلەی خۆی دەفرۆشێت، واتە هەموو ئەو بەربەستانە تێکشکاون.
قورسایی ئەم شکستە بە شێوەیەکی یەکسان دابەش نەبووە. چینە داراکان بە سامان و پەیوەندییەکانیان لە شەپۆلی هەڵاوسان پارێزراون. چینی مامناوەند بەرەو خوارەوە پاڵپێوە دەنرێت. کرێکاران و هەژارانیش لە کۆتاییدا پەنا دەبەنە بەر دوایین داراییەکەیان، واتە جەستەیان. ئەمە وێنەی ڕووتترین نایەکسانییە لە شێوەی خۆیدا.
هەر ژمارە تەلەفۆنێکی کە لەسەر ئەو دیوارانە نووسراون بەڵگەیەکە لەسەر ئەو کەلێنەی کە کەوتووەتە نێوان کار و ژیان. چارەسەر نەک ئامۆژگاریکردنی فرۆشیاران، بەڵکوو بریتییە لە گەڕاندنەوەی بەهای کار: م
حەقدەستێکی کە وەڵامدەرەوەی پێداویستییەکانی ژیان بێت، مافی ڕێکخستن بۆ گفتوگۆ و دانوستانی بەکۆمەڵ، و سیستەمێکی پاڵپشتیکار کە شوێنی نیشتەجێبوون و دەرمان وەک مافێک ببینێت، نەک کاڵا. تا ئەو کاتەی جەستەی کرێکار وەک دوایین وەک دارایی چاولێبکرێت، ژمارە تەلەفۆنی سەر دیوارەکان زیاتر دەبن.

