ڕەحیم ڕەحمانی، وەهاب محەممەدپوور و ڕەئوف فەرخی، سێ هاوڵاتی خەڵکی شاری پیرانشار، لەلایەن هێزەکانی ڕژیم دەستبەسەرکران و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترانەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، ڕۆژی پێنجشەممە هەشتی خەزەڵوەری ١٤٠٤، سێ هاوڵاتی لە شاری پیرانشار دەستبەسەرکران. ناسنامەی ئەم هاوڵاتیانە، ڕەحیم ڕەحمانی، وەهاب محەممەدپوور و ڕەئوف فەرخی، هەرسێ خەڵکی شاری پیرانشارن.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، کاتژمێر دووی سەرلەبەیانی، هێزەکانی ڕژیمی ئیدارەی ئیتلاعات بەبێ بڕیاری دادوەر هێرشیان کردەسەر ماڵی ئەم هاوڵاتیانە. لەم کردەوەیەدا، هێزەکانی ڕژیم دەرگا و پەنجەرەیان شکاندووە و هەرسێ بە توندوتیژی دەستبەسەریان کردوون. هەروەها دەستیان بەسەر مۆبایل و بەشێک لە کەرەستەکانی تایبەتی ئەواندا گرتووە.
تا کاتی نووسینی ئەم ڕاپۆرتە هۆکارەکانی دەستبەسەرکران، تۆمەتەکانی دژی و شوێنی مانەوەی ئەم سێ هاوڵاتییە نادیارە.

