
«فرووزان ئیسلامی»، هاووڵاتی کوردی خەڵکی شاری ورمێ و مامۆستای زمانی ئینگلیزی، لەلایەن هێزەکانی ڕژیم لەم شارەدا دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترایەوە.
بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، ڕۆژی چوارشەممە ٢٣ی گوڵانی ١٤٠٥، هێزەکانی ڕژیم بە سەردانی شوێنی ئامادەبوونی فرووزان ئیسلامی، بەبێ نیشاندانی بڕیاری دادوەری ناوبراویان دەستبەسەر کردووە.
بەپێی زانیارییەکانی بەدەستهاتوو، فرووزان ئیسلامی مامۆستای ئەکادیمی زمان بۆ «لاوان» لە ورمێیە و لە تۆڕەکانی کۆمەڵایەتی وەکو بڵۆگەرێکی ناسراوی کورد چالاکی دەکات.
تا کاتی ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە، هیچ زانیارییەک لەبارەی هۆکاری دەستبەسەرکردن، شوێنی ڕاگرتن و تۆمەتەکانی دژی ئەم مامۆستایە لەبەر دەستدا نییە و بەدواداچوونی بنەماڵەکەشی تا ئێستا بێ وەڵام ماوەتەوە.
