ئەمین سەلامی، گەنجێکی خەڵکی شاری کرماشان، لە کاتی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکاندا بە تەقەی ڕاستەوخۆی گوللەی جەنگی هێزەکانی ڕژیم گیانی بەختکرد.

بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، ئەمین سەلامی ئێوارەی پێنجشەممە ١٨ی بەفرانباری ١٤٠٤، لە کاتی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکانی کرماشان و لە گەڕەکی «ئیلاهیە»، بەتەقەی هێزەکانی ڕژیم گیانی لەدەستدا. ناوبراو خاوەنی فرۆشگای «جلوبەرگ و جانتا» لە شەقامی «بەرق» لە گەڕەکی «ئیلاهیە» بووە.
هێشتا نادیارە کە بۆ ڕادەستکردنی تەرمی ئەم گیانبەختکردووە داوای پارە لە بنەماڵەکەی کراوە یان ناچارکراون بەڵێننامەی نووسراو واژۆ بکەن یاخود نا. سەرەڕای ئەمەش، پێشتر سەرچاوەکانی ناوخۆیی ڕایانگەیاندبوو کە ناوەندەکانی ڕژیم بۆ ڕادەستکردنی تەرمی گیانبەختکردووانی کرماشان، لەنێوان ٧٠٠ ملیۆن تمەن تا یەک ملیارد تمەن لە بنەماڵەکانیان وەرگیراوە و بنەماڵەکان لەپێناو وەرگرتنی تەرمەکانیان ناچار بە دانی ئەم بڕە پارەیە بوون.

