«عەلی ئارمەند»، لاوێکی ١٨ ساڵەی کورد، خەڵکی گوندی “ئەمیرئاوا”ی سەربە شاری شاباد لە پارێزگای کرماشان و دانیشتووی شاهین شەهری ئیسفەهان، یەکێک لە گیانبەختکردووانی نارەزایەتییە جەماوەرییەکانە لەم شارە.

بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، ڕۆژی هەینی ١٩ی بەفرانباری ١٤٠٤، عەلی ئارمەند، لاوێکی ١٨ ساڵەی کورد، خەڵکی شارستانی شاباد و دانیشتووی شاهینشەهری ئیسفەهان، لە کاتی نارەزایەتییە جەماوەرییەکانی شاهینشەهردا بە تەقەی ڕاستەوخۆی گوللەی جەنگی هێزە سەرکوتگەرەکانی کۆماری ئیسلامی کرایە ئامانج و گیانی بەختکردووە. پاش گیانبەختکردانی، خێزانەکەی بۆ چەند ڕۆژێک لە چارەنووسی ناوبراو بێئاگا بوون تاوەکو لە کۆتاییدا تەرمی عەلی ئارمەند پاش بادواداچوونی چەندین جارە رادەستی بنەماڵەکەی کراوەتەوە. لەگەڵ ئەوەشدا، هێزە ئەمنییەکان ڕێگەیان بە خێزانەکە نەداوە چاویان بە تەرمەکە بکەوێ و مەراسیمی بەخاکسپاردنەکەش لەژێر کەشێکی ئەمنییدا لە یەکێک لە ئارامگەکانی شارستانی شاباد بەڕێوەچووە.
عەلی ئارمەند لە بواری لەشجوانیدا چالاکی هەبووە و سەرکەوتوو بووە سێ مەدالیای زێڕ لەم بوارەدا بەدەستبهێنێت. ئەو لە کاتی گیانبەختکردنیشیدا لە حاڵەتی ئامادەکاریدا بووە بۆ بەشداری لە وەرزشیی داهاتوودا.
تا کاتی کە ئامادەکردنی ڕاپۆرتە، دیار نییە کە بۆ رادەستکردنی تەرمی ئەم گیانبەختکردووە، خێزانەکەی ناچار بەدانی پارە یان واژۆکردنی پەیماننامەی نووسراو بوون یاخود نا؛ لەگەڵ ئەوەشدا، پێشتر سەرچاوە ئاگادارەکان بە کۆڵبەرنیوزیان ڕاگەیاندبوو کە لە دۆخی هاوشێوەدا، دامەزراوە حکومییەکان بۆ رادەستکردنی تەرمی گیانبەختکردووانی نارەزایەتییەکان لە کرماشان، بڕی نێوان ٧٠٠ ملیۆن تمەن تا یەک ملیارد تمەنیان لە خێزانەکان داواکردووە؛ بابەتێک کە لە ژمارەیەک لە دۆخەکاندا، خێزانەکانی ناچارکردووە ئەم بڕانە بدەن بۆ وەرگرتنەوەی تەرمی خۆشەویستانیان.

