بۆکان؛ دەستبەسەرکرانی مریەم داوودیان و گواستنەوەی بۆ گرتووخانەی ئەمنییەتی ورمێ

«مریەم داوودیان»، هاووڵاتییەکی ٥٨ ساڵەی خەڵکی شاری بۆکان، پاش بانگهێشتکرانی بۆ لای دەزگا دادوەرییەکان دەستبەسەر و بۆ یەکێک لە گرتووخانە ئەمنییەکانی ورمێ گواستراوەتەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی کوڵبەرنیوز، دووشەممە ٣١ی خاکەلێوەی ١٤٠٥، مریم داوودیان، هاووڵاتییەکی دانیشتووی شاری بۆکان، پاش رۆشتنی بۆ لقی لێکۆڵینەوەی دادگای ئەم شارە، دەستبەسەرکرا. بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، بۆ ئەم هاوڵاتییە بڕیاری دەستبەسەرکرانی ١٠ ڕۆژە دەرچووە و یەکسەر بۆ مەبەستی لێپرسینەوە بۆ یەکێک لە گرتووخانە حکوومییەکانی ورمێ گواستراوەتەوە.

پێشتر، لە رۆژی سێشەممە ٢٥ی خاکەلێوە، هێزەکانی رژیم بەبێ بوونه بڕیاری دادوەری هێرشیان کردبووە سەر ماڵی خێزانی ئەم هاووڵاتییە و سەرەڕای پشکنینی ماڵەکەیان، دەستیان بەسەر مۆبایلی ناوبراویشدا گرتبوو. هەروەها ناوبراو رۆژی یەکشەممە ٢٩ی خاکەلێوە بانگهێشتی دەزگا ئەمنییەکان کرابوو و بۆ چەند کاتژمێرێک لە ژێر لێپرسینەوەدا مابوویەوە.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، مریم داوودیان بەدەست کۆمەڵێک نەخۆشییەوە ئازار دەکێشت، لەوانە شەکرە «دیابێت»، تالاسیمی و ڕوماتیزمی گەستووخوان، وە بەهۆی دەستڕانەگەیشتن بە دەرمانی پێویست و خزمەتگوزاری دەرمانی گونجاو لە ماوەی دەستبەسەرکانیدا، تەندروستی و ژیانی ئەم هاووڵاتییە ٥٨ ساڵەی خستووەتە مەترسییەکی جدییەوە.

تا کاتی بڵاوکردنەوەی ئەم ڕاپۆرتە، هیچ زانیارییەکی دروست لەبارەی هۆکاری دەستبەسەرکران و تۆمەتە ئەگەرییەکانی دژی مریم داوودیان بڵاو نەکراوەتەوە.​​​​​​​​​​​​​​​​

کۆڵبەرنیوز

بابەتی پەیوەندیدار