ڕۆژی ٢ی ڕەشەمە لەلایەن یۆنسکۆوە بە ڕۆژی جیهانی زمانی دایکی بە ئینگلیسی “International languge day” ناوێرکراوە.
هۆی ناودێر کردنی ئەم ڕۆژە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٩٥٢، خوێندکارانی زانکۆی داکا و زانکۆی پزیشکی بەنگلادش کە لەو کاتەدا بە ڕۆژهەڵاتی پاکستان دەناسرا ڕێپێوانێکی هێمنانەیان بۆ بە فەرمی ناساندنی زمانی بەنگالی لە کەنار زمانی ئۆردوو کە زمانی فەرمی پاکستان بوو ڕێخست، بەڵام بە دەستێوەردانی توند و تیژانەی پۆلیسی پاکستان ڕێپێوانی هێمن و هێوری خوێندکاران خەڵتانی خوێن کرا و دەیان خوێندکار گیانیان لە دەستدا.
لە ساڵی ١٩٩٩ بە مەبەستی یارمەتی بە فرەچەشنی زمانی و کەلتووری ئەم ڕۆژەیان بە ڕۆژی زمانی دایکی ناودێر کرد و لە ساڵی ٢٠٠٨ کۆمەڵگەی گشتی سازمانی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەو ساڵەی بە ساڵی جیهانی زمانەکان ئێعلام کرد.
لە سەد ساڵی ڕابوردوو بە جێگیربوونی حکوومەت و دەسەڵاتی ناوەندی لە ئێران زمانەکانی غەیرە فارس کەوتنە پەراوێز و زمانی فارسی وەکوو تەنیا زمانی فەرمی فەرمانگەکان، میدیا، حکوومەت و سیاسەت داسەپا و سیاسەتی یەک زمان_یەک کەلتوور سەلمێندر و پەرەی سەند. بەڵگەگەلێک لە پەهلەوی دووەم لەم ساڵانەی دوایی کەوتنە دەرەوە کە بە وەزارەتی پەروەردە و مامۆستایان لەو ناوچانەی نەتەوەی غەیرە فارسی لێیە دەستوور درابوو کە نەهێڵن قوتابیان بە زمانی دایکی بئاخوێن و مامۆستایانیش خۆیان ببوێرن لەوەی کە بە غەیری زمانی فەرمی قسە بکەن و وانە بڵێنەوە. ڕوون و ئاشکرایە کە مەبەست و ئامانجی کۆتایی لەم دەستوورە پەرە پێدانی سیاسەتی یەکسان سازی و تواندنەوەی نەتەوەکانی دیکەیە لە زمان و کەلتووری نەتەوەی باڵادەستدا.
داسەپاندنی زمانی فارسی و پەراوێز خستنی زمانەکانی دیکەی نەتەوەکانی غەیرە فارس تەنیا لە دەورەی پەهلەوی پەیڕەو نەکرا بەڵکوو دوڵەتە یەک لە دوای یەکەکانی پاش شۆڕشی ٥٧ بە نادیدەگرتنی مافی زمانیی ئاخێوەرانی غەیری فارس هەمان سیاسەتی پێشوویان درێژە دا، هەرچەند لەژێر ناوی ئەسڵی پازدەی یاسای بنەڕەتی کەمینە مافێکی خوێندنی زمانی دایکی لە کەنار زمانی فارسیدا ئاماژەی پێکرا بەڵام ئەم مافە نیوەچڵەیش هیچکات نەچووە بواری جێبەجێ کردنەوە و سیاسەتی حاکمیەت و دەسەڵات بەرەو لاواز کردنی زمانەکانی غەیری فارسی و سنوودار و بەرتەسک کردنی چالاکی زمانی چووە پێش.
لێکۆڵینەوە و داتاگەلی زانستی ئێستا سەلماندوویانە کە بەرتەسک کردن و لەمپەر دانان لە بەرابەر پەروەردە بە زمانی دایکی خەساری زۆر بە کەسایەتی، سۆز و هەستی منداڵان دەگەیەنێ بەجۆرێ کە هیچکات قەرەبوو ناکرێتەوە. دیارە زۆرترین دابڕان لە خوێندن و دابەزینی دەرجەی قوتابیان لە تاقیکردنەوەکاندا لەو ناوچانە بووە کە ئەو دەرفەتە نەڕەخساوە کە بە زمانی دایکی پەروەردەبن.
داکۆکی لەسەر زمانی فارسی و لەمپەر دانان بۆ فێر بوونی زمانی دایکی نەتەوە غەیرە فارسەکان لە ڕاستیدا درێژەدان بە سیاسەتی پاکتاوی زمانی و یەکسان سازی زمانی و کەلتوورییە و پەرەدان بە ئیمپراتۆریەتی زمانی فارسی بە پیرۆز کردنی ئەو زمانە و دابەزاندنی ئاستی زمانی نەتەوەکانی دیکە بە ئاستی لۆکاڵی و ناوچەییە، لە حاڵێکدا لەلای ئاخێوەرانی زمانی ئەو زمانگەلە بە فەرمی دەناسرێن و ڕۆژانە کەڵکیان لێوەردەگیرێ.
بەداخەوە لە داسەپاندنی زمانی فارسی و پیرۆزکردنی نەک هەر ناسیۆنالیست و پان ئیرانیستەکان و لایەنگرانی یەکسانسازی کەلتووری ڕۆڵیان هەبوو بەڵکوو بڕێک خوێندنەوەی چەوت لە ناوچە غەیرە فارسەکان ئەم مافە ڕەوای سیاسی، کەلتووری و ئینسانییەیان بە پرسێکی پەراوێز لە قەڵەم دەدا نەوەک لەگەڵ بەرژەوەندی چینایەتی کە پرسی سەرەکی لەلای ئەوان بوو (وە لە ڕاستیدا زۆر پرسێکی ڕەوا و بە جێگەیشە) بەریەک کەون و ڕوانگەی چینایەتییان لاواز بێت، لە ڕوانگەی ئەم تاقمەوە پرسی زمان بەرتەسک کرابووەوە و تەنیا بە ئامرازێ بۆ پێوەندی مرۆڤەکان پێناسە دەکرا، لە حاڵێکا زمان و کاریگەریەکانی زۆر بەربڵاوترە لەو ڕوانینە کەمینە خوازانە و نەک هەر ئامرازێکە بۆ پێوەندی مرۆڤەکان بەڵکوو ئامرازی سیاسەت و خۆسەپاندنە و ئاماژەیەکی سەرەکییە بۆ دێموکراتیک بوون یان نادێموکراتیک بوونی دەسەڵات و حکوومەت.
زمان سەرەکیترین مەتەرێزی بەرخۆدانە لە بەرابەر زمان و کەلتووری باڵادەست. بە شکان و ڕووخانی ئەم شوورەیە ڕەهەندەکانی دیکەی هەڵاواردنی سیاسی، ئابووری و کەلتووری زاڵ دەبێت و ڕێخۆشکەر دەبێ بۆ تواندنەوە و ئاسیمیلاسیۆنی نەتەوەکانی دیکە لە نەتەوەی باڵادەستدا.
لایەنگرانی یەک زمان و یەک کەلتوور غەرقی ئەو گومانە هەڵەیەن کە سیاسەتی یەک زمانی دابینکەر و وەدیهێنەری بەرژەوەندی نەتەوەییە لە حاڵێکا سەرکوتی زمانی و کەلتووری نەتەوەکانی دیکە ڕاست بە پێچەوانەی ئەو خواستە لێک ترازان و کەلێنی نەتەوەیی قووڵتر دەکاتەوە و بەرە و دابڕانی هەمیشەیی پاڵنەر دەبێت.
زمان کۆڵەکەی شوناسی نەتەوەییە.
گوشار لەسەر چالاکانی کەلتووری و لە ناوچەگەلی غەیرە فارس بۆ نموونە گوشار لەسەر “ئەنجومەنی_نۆژین” لە سنە و بەند کردنی “سەیوان ئیبراهیمی” مامۆستای زمانی کوردی و هاوسەری ‘زارا موحەممەدی” لە چالاکانی زمانی، خاتوو ‘موژگان کاووسی” لە چالاکانی زمانی کوردەکانی کلاردەشتی مازندەران و دەرکردنی “بێهرووز چەمەن ئارا” لە مامۆستایانی خاوەن پێگەی کۆمەڵایەتی لە بەشی کوردی زانکۆی کوردستان لە جوملەی ئەو سیاسەتە هەڵانەی دەسەڵات و لایەنگرانی سیاسەتی یەک زمانی بوو.
دیارە ئەم سەرکوتانە ئەو پەیامە دەگەیەنێ کە دەسەڵات شوناسی ئێوە نادیدە دەگرێ و بایەخی بۆی نییە.
پەروەردە بە زمانی دایکی نەک هەر نابێتە
هۆی هەڵوەشاندنەوەی چوارچێوەیەکی جوگرافیایی بەڵکوو هەستی هاودڵی و پێکەوە ژیان پتەوتر دەکات، چون ئەساسەن کردەوەیەکی دژە هەڵاواردنە و و نەبوونی هەڵاواردن ناڕەزایەتی کەمتر دەکاتەوە. ئەزموونی وڵاتانی دێموکراتیک و خاوەنی فرەچەشنی زمانی و کەلتووری دەرخەری ئەو ڕاستییەیە. لە بڕێک لەم وڵاتانە زیاتر لە ١٠ زمانی فەرمی و یەک یا دوو زمانی نێوانجی بوونی هەیە بۆ پێوەندی نەتەوەکان لەگەڵ یەکتر.
فرەچەشنی زمانی نەزمی سروشتی جیهانی ئێمەیە.
بە وتەی کارناسانی بواری فەرهەنگ و زمان، نەبوونی پەروەردە بە زمانی دایکی لە ڕاستیدا کوشتنی هەست، باوەڕ بەخۆبوون، چەمک سازی و فام کردنی دنیای دەورووبەرە و لێهاتوویی، مەهارەت و فێربوون لە منداڵاندا لاواز دەکات و هۆی پەرەسەندن و دووبارە بوونەوەی هەژاری و نابەرابەرییە لە ناوچە پەراوێز خراوەکاندا. دیارە ئەم دۆخە نەزمی سروشتی جیهانی ئێمە تێک دەدات و لە پای سیاسەتی یەکسانسازدا قوربانی دەکات.
ئەنجومەنی پیشەیی مامۆستایانی کوردستان (سنە)، لە مامۆستایان، قوتابیان و بنەماڵەکان داوا دەکات کە لە بەرابەر زمانی دایکی هەست بە بەرپرسیارێتی بکەن لێی بە خاوەن دەرکەون و بە فێر بوون، ئاخاوتن لەگەڵ منداڵەکانیان و ڕۆژانە کەڵک وەرگرتن لە زمانی کوردی بە تایبەت لە کەشی سەرهێڵ واتە فەزای مەجازی کە ئەمڕۆ بەشی دانەبڕاوی ژیانی ئێمەیە ئەرکی خۆیان بەجێ بێنن و بۆ گەشەی زمانەکەمان هەنگاو هەڵگرن. بەداخەوە لەبڕێ ناوچەی کوردستان لە ژێر ناوی عامیانەی کلاس و پرستیژ بڕێک لەو بنەماڵانەی کەوتوونەتە بەر تەوژمی پاکتاوی زمانی و بەهۆی خۆ بە کەم زانینەوە لەگەڵ منداڵەکانیان بە زمانی باڵادەست واتە فارسی دەئاخون، دڵنیاتان دەکەینەوە نەک ئەوە شتێکتان پێ زیاد ناکات بەڵکوو کەسایەتی خۆتان و منداڵەکانتان لاواز دەکا و هەست بە خۆ بەکەم زانیین و تەسلیم و خۆبەدەستەوەدان لە دەروونیاندا زیاتر ڕیشە دادەکوتێ و باسەواد نایەنە ئەژمار، بە تەعبیری یۆنسکۆ: بێسەواد ئەو کەسەیە کە لە بەکار هێنانی زمانی دایکی خۆی ناتەوانە.
وتەیەک بۆ دەسەڵات_لە وڵاتێک وەک ئافریقای باشوور ١١ زمانی فەرمی بوونی هەیە، لە هێندووستان ٢٢ زمانی فەرمی و ١٢٢ زمانی گرینگ و سەدان زاراوە و بنزاراوەی لێیە و دوو زمانی ئینگلیسی و هێندی-ش وەکوو زمانی نێوانجی و بۆ پێوەندی ناوچەکان لەگەڵ یەکتر کەڵکی لێوەردەگیرێت. لە وڵاتی سوییس چوار زمانی ئاڵمانی، ئیتالی،فەرانسەوی و ڕۆمانش لە نیزامی کۆنفدراسیۆنی ئەو وڵاتە پێگەی هاوشان و بەرابەریان هەیە. بەیان و ئاماژە بەم فاکتگەلە بۆ ئەوەیە بزانن پەرە و گەشەی زمانەکانی دیکە خەساری بۆ پێکەوە ژیانی نەتەوایەتی نەتەوەکان نییە بەڵکوو هۆکاری پێکەوە ژیانی ئاشتیانەیە و پێویسته لە ئەزموونی جیهانی لەم پێوەندییەدا غافڵ نەبن.
ئێمە وەکوو ئەنجومەنی پیشەیی مامۆستایانی کوردستان لقی سنە هەر وەک پێشتر لە کۆبوونەوەکان و ئاکسیۆنگەلی جۆراجۆردا هەڵوێستی خۆمان دەبڕیوە، خوازیاری “خوێندن بە زمانی دایکی” و پەرە و گەشەی کەلتوور و زمانی کوردین و ئەمە لە باخچەی ساوایانەوە هەتا زانکۆکان دەگرێتەوە و بە مافی بێ ئەملاولای نەتەوەی کوردی دەزانین.
وەک هەژاری موکریانی دەڵێ: دەبا ئێمەیش چەپکە گوڵی کەلتوور زمانی خۆمان پێشکەش بە گوڵستانی جیهان بکەین.
ئەنجومەنی پیشەیی مامۆستایانی کوردستان لقی سنه
٢ی ڕەشەممەی ١٤٠٢