دۆخی بەساڵاچووان لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی ڕژیمی ئیسلامیدا

فاتمە کەریمخان، پەیامنێری ئیعتماد، ڕۆژی دووشەممە ٨ی ڕێبەندان، ڕاپۆرتێکی لەژێر ناوی “ئەم ماڵە سەوز نییە!” لەو ڕۆژنامەیەدا بڵاوکردەوە. ناوبراو لە سەرەتای ڕاپۆرتەکەیدا دەنووسێت: زۆربەی گفتوگۆکان سەبارەت بە ماڵی چۆڵن. دایک و باوکە تەنیاکان، کۆتایی تەمەنی مامناوەندی و سەرەتای پیری و بەساڵاچوون، بەبێ چاودێری منداڵان، گۆچانە ونبووەکانی دەست، سەربەخۆ، جێهێڵراون. ماوەیەک پێشتریش، ڕۆژنامەی “هەم مەیهەن” چاپی تاران، ڕاپۆرتێکی دڵتەزێنی سەبارەت بە دۆخی ئێستای بەساڵاچووان لە ئێران بڵاوکردەوە. ڕاپۆرتەکە لە سەرەتادا ئاماژە بە دیاردەیەکی هەژێنەر دەکات کە پێی دەوترێت ” بەساڵاچووانی سەر ڕێگە”. ئەوان ئەو پیرە ژن و پیرە پیاوانەن کە وەک “منداڵانی سەر ڕێگە” وان کە لەسەر شەقامەکان جێهێڵراون. لە بەشێک لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە: “لە ساڵی ١٤٠٢دا تەنیا لە شاری تاران نزیکەی هەشت هەزار و ٥٠٠ کەسی بەساڵاچوو لەلایەن تیمەکانی شارەوانییەوە ناسراون”. هەم مەیهەن لەم بارەیەوە دەنووسێت: “بەساڵاچووانی جێهێڵراو، بە واتای ئەو ئینسانە بێناو و نیشانانەن کە هیچ سەرپەرشتیارێکیان نییە”. بەشێک لەو بەساڵاچووانە بەهۆی نەخۆشی لەبیرچوونەوە یان ئەلزەهایمەرەوە، لەسەر شەقامەکان ون دەبن و بنەماڵەکانیان ناتوانن بیاندۆزنەوە. بەڵام گروپێکی گرنگتریان ئەوانەن کە بنەماڵەکانیان بەهۆی هەژاری دارایی، گرفتی بژێوی ژیان، نەبوونی شوێنی نیشتەجێبوونی گونجاو، یان تووشبوونی کەسە بەساڵاچووەکە بە نەخۆشییەکی بۆماوەیی و پێویستی بە چاودێری تایبەت، ناتوانن چاودێرییان بکەن. لە لایەکی ترەوە ئەگەریش چاودێرانی بەساڵاچووان بیانەوێت لە خانەی بەساڵاچووان دایانبنێن، دەبێت تێچووی چاودێری کەسەکانیان، بۆخۆیان دابینی بکەن، لەمڕووەوە ئەو بنەماڵانەی کە توانای دابینکردنی ئەم تێچووەیان نییە، کەسە بەساڵاچووەکە لە شوێنێکدا جێدەهێڵن بۆ ئەوەی تێچووی مانگانەکەی نەدەن و کەسە بەساڵاچووەکەش، بەبیانووی تووش بوون بە نەخۆشی لەبیرچوونەوە، زانیاری کەسیی خۆی و بنەماڵەکەی ئاشکرا ناکات.

پەیامنێری ڕۆژنامەکە لە کۆتاییدا دەنووسێت، لەکاتی ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتەدا، مەئموورانی ئەمنییەتی هێرشان کردووەتە سەری و بە زۆر وێنە و و ویدیۆکانیان لە کامێراکەی سڕیوەتەوە و هەڕەشەیان لێکردووە کە ئەگەر ئامارێک لەم بابەتەوە بڵاوبکاتەوە، بەرەوڕووی دادگا دەکرێتەوە. واقیعییەت ئەوەیە کە سەردەمی پیریی و بەساڵاچوون لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی دا، گەلێک دژوارە. سەرچاوە ئامارییەکانی خودی ڕژیم باس لەوە دەکەن کە زیاتر لە یەک لەسەر سێی خانەنشینانی دەستەبەری کۆمەڵایەتی، ئەوەندە حەقدەست وەردەگرن کە تەنیا بەشی ١٠ ڕۆژی ژیانێکی مەمرە و مەژییان دەکات. بە وتەی ئەحمەد دلبەری، سەرۆکی ئەنجومەنی بەساڵاچووانی ئێران، ٥٥ لەسەدی بەساڵاچووان تەنانەت ئەم داهاتە کەمەشیان نییە. لە سیستان و بەلوچستان ٧٠ لەسەدی بەساڵاچووان لە ژێر هێڵی هەژاریدا دەژین و نزیکەی ٨٨ لەسەدی دانیشتوانی گوندەکان لە بیمەی خانەنشینی بێبەشن. بەساڵاچووان دە لەسەدی دانیشتووانی ئێران پێکدەهێنن، واتە زیاتر لە هەشت ملیۆن کەسن و ژمارەیان بەردەوام ڕوو لە زیادبوونە. حکوومەتی ئیسلامی، کە هیچ پلانێکی نییە بۆ باشترکردنی ژیانی بەساڵاچووان و خانەنشینکراوان و بە کردەوە ئەرکی چاودێریکردنی بەساڵاچووانی خستووەتە ئەستۆی منداڵەکانیان و خزم و کەس و خێرخوازان و لە هەژاری و بێ مافیدا جێی هێشتوون. ئەو بەساڵاچووانەی کە کۆماری ئیسلامی لە هەژاری و هەلومەرجێکی نامرۆڤانەدا ڕایگرتوون، بە شێوەیەکی سروشتی، بەهۆی لاوازی جەستە و ماندوویەتی ڕۆح و ڕەوانیان، بەردەوام لەگەڵ مەترسی ئالوودەبوون بە هەموو چەشنە میکرۆب و ڤایرۆسێک بەرەوڕوون. هەروەک لە کاتی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنادا بینیمان، چەند سەد هەزار کەس لەو بەساڵاچووانە گیانیان لەدەستدا.

لە کۆماری ئیسلامیی ئێراندا، ژمارەی ئەو ژنە بەساڵاچووانەی کە لەم دۆخە نالەبارەدا گرفتارن، زۆر زیاترە لە پیاوان و ئەمەش لە حاڵێکدایە کە زۆربەی هەرەزۆری ژنانی بەساڵاچوو تەنانەت لەو پووڵە کەمەش بێبەشن کە پیاوان وەک خانەنشینی وەریدەگرن. شێوازی هەڵسوکەوت لەگەڵ بەساڵاچووان، منداڵان، ژنان و کەمئەندامان لە هەر کۆمەڵگایەکدا، یەکێکە لە پێوەرە سەرەکییەکانی ڕادەی مرۆڤدۆستی و دێموکراتیکبوونی ئەو سیستەمە سیاسییە و پێوەرێکی گرنگی مافی مرۆڤ لەو کۆمەڵگایەدا. دەوڵەتی ئیسلامی لە هەڵسوکەوتکردن لەگەڵ هەموو ئەو توێژە کۆمەڵایەتیانە، یەکێکە لە گەندەڵترین و کۆنەپەرستترین سیستمە سیاسییەکانی جیهان. ڕژیمی ئیسلامی ئامادە نییە هیچ بەرپرسیارێتییەک بەرامبەر بە بەساڵاچووە هەژارەکانی ئەم کۆمەڵگایە قبوڵ بکات.

بە گلدانەوەی بەشێکی کەم لەو داراییە زۆر و زەوەندی کە لە پێناو میلیتاریزم و سەرکوتی جەماوەر و تیرۆر و دەستێوەردانی کۆنەپەرستانە لە دەرەوەی سنوورەکان خەرج دەکرێت، دەکرێ ژیانێکی ئینسانی بۆ بەساڵاچووان دابین بکرێت، بابەتێکی کە دەبێ یەکێک بێت لە ئەولەویەتەکانی ئەو حکوومەتەی کە لە ئاکامی ڕووخانی شۆڕشگێڕانەی کۆماری ئیسلامیدا دادەمەزرێت.

کۆڵبەرنیوز

Next Post

پیرانشار؛ دەستبەسەرکرانی هاوڵاتییەک لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە

س ژانویه 28 , 2025
“سادق کوردی”، هاوڵاتیی خەڵکی شاری پیرانشار لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترایەوە. بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز ڕۆژی یەکشەممە حەوتی ڕێبەندانی ١٤٠٣، سادق کوردی، هاوڵاتیی خەڵکی گوندی «پسوە»ی سەربە شاری پیرانشار، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترایەوە.بەپێی ئەم ڕاپۆرتە ئەم هاوڵاتییە بەبێ بڕیاری دادوەر دەستبەسەر کراوە […]

You May Like