سێ کۆڵبەری خەڵکی شارەکانی بۆکان و سەقز بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی هەنگی مەرزی لە هێڵی سنووری هەنگەژاڵی – بانە بریندار بوون.
بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، ئێوارەی ڕۆژی سێشەممە ٣٠ی خەزەڵوەری ١٤٠٢، هێزەکانی هەنگی مەرزی لە سنووری هەنگەژاڵی-بانە تەقەیان لە کۆمەڵێک کۆڵبەر کردووە و لە ئەنجامدا سێ کۆڵبەری خەڵکی شارەکانی بۆکان و سەقز برینداربوون. ناسنامەی ئەم سێ کۆڵبەرە بریتین لە “موراد” تەمەن نزیکەی ٤٠ ساڵ و “بێهزاد” تەمەن نزیکەی ٣٥ ساڵ، هەردووکیان خەڵکی شاری بۆکانن، هەروەها “ئەسعەد حەسەنپوور” تەمەن ٢٥ ساڵ خەڵکی گوندی جەعفەرخانی شاری سەقزە.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، “موراد”سەر و پشت و پشتی قاچی برینداربووە، “بێهزاد” پشت و کەمەری برینداربووە و “ئەسعەد حەسەنپوور” زگی(سکی) بەسەختی برینداربووە.
جێگای ئاماژەیە کە ئەسعەد حەسەنپوور بەهۆی سەختی برینەکانییەوە بۆ بەشی چاودێری تایبەتی نەخۆشخانەی سەلاحەدین ئەیوبی لە شاری بانە گواستراوەتەوە.
بەپشتبەستن بەو ئامارەی لە ماوەی دوو مانگی ڕابردوودا لە کۆڵبەرنیوز تۆمارکراوە، لە ١ی ڕەزبەر تا ٣٠ی خەزەڵوەری١٤٠٢، بەگشتی ١٤٨ کۆڵبەر لە ناوچە سنوورییەکانی کوردستان بەهۆی هۆکارەکانی وەک تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی هەنگی مەرزی، لێدان و ئازاردان لەلایەن هێزە سەربازییەکانی ڕژێم و کەوتنە سەر مین. کوژراو و بریندار بوون.
لەم ژمارەیە بەگشتی ٧ کۆڵبەر کوژراون و ١٤١ کۆڵبەر برینداربوون. لە کۆی گشتی ١٤٨ کۆڵبەر کە کوژراون و برینداربوون، ١٣٦ حاڵەت (٩٢%) بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەربازییەکان بووە.