نەوسوود: برینداربوونی کۆڵبەرێک بەهۆی تەقەی هێزەکانی ڕژیم

ڕۆژی چوارشەممە ١٦ی ڕەشەممەی ١٤٠٢، هێزەکانی ڕژیم لە دانانی بۆسە و تەقەی ڕاستەوخۆ بەرەو کۆڵبەران لە هێڵی سنووری نەوسوود، کۆڵبەرێک بە سەختی برینداربوو.

بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، هێزەکانی هەنگی مەرزی ڕژیم لە هێڵی سنووری نەوسوود، بەرەو کۆمەڵێک لە کۆڵبەران تەقەیان کرد و بەهۆیەوە کۆڵبەرێک بە ناسنامەی «عەتا حسێنی» هاووڵاتی گوندی «بلەبزان»ی سەر بە شاری پاوە بە سەختی برینداربوو.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، عەتا حوسێنی بەمەبەستی چارەسەر بۆ یەکێک لە ناوەندە پزیشکییەکانی نەوسوود گواستراوەتەوە، بەڵام بەهۆی سەختی برینەکانی، ئەگەری ڕەوانەکردنی بۆ نەخۆشخانەی پاوە لە ئارادایە.

لە ڕووداوێکی هاوشێوەدا، هێزەکانی هەنگی مەرزی ڕژیم لە هێڵی سنووری هەنگەژاڵی بانە بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆ بەرەو کۆڵبەران، کۆڵبەرێک بە ناسنامەی «مەهدی ئەنوەری» ٢٣ ساڵە و خەڵکی شاری سەقز، لە “لاقی”یەوە بریندارکردووە.

بەپێی ئەو ئامارانەی ٢٠٢٣ لە کۆڵبەرنیوز تۆمارکراون، ٢٩٩ کۆڵبەر لە سنورەکان و ڕێگای نێوان ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، کوردستان و کرماشان بە هۆکاری وەک تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ڕژێم، هەرەسی ڕەنوو، بەستەڵەک، کەوتنە سەر مین، کەوتنە خوار لە شاخ، بەرزایی و حاڵەتی دیکە کوژران و بریندار بوون. لەم ژمارەیە ٣٢ کۆڵبەر (١١%) کوژران و ٢٦٧ کۆڵبەر (٨٩%) بریندار بوون. بە گشتی ٢٩٩ کۆڵبەر کە کوژران و بریندار بوون، ٢٦١ حاڵەت (٨٧%) بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکان بووە. بە گشتی ٢٩٩ کۆڵبەر کە کوژران و بریندار بوون، ٣٠ لەوانە منداڵی خوار ١٨ ساڵن.

کۆڵبەرنیوز

Next Post

سنە: بەرزڕاگرتنی ٨ی مارس ڕۆژی جیهانی ژن

پ مارس 7 , 2024
کۆمەڵێک لە ژنانی شاری سنە، ٨ی مارس ڕۆژی جیهانی ژنیان لە بناری چیای ئارێز بەرز ڕاگرت. بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز ئەمڕۆ چوارشەممە ١٦ی ڕەشەممەی ١٤٠٢، کۆمەڵێک لە ژنانی کۆمەڵەی شاخەوانی-پێڕەوی شاری سنە بۆ بەرز ڕاگرتنی ٨ی مارس ڕۆژی جیهانی ژنان لە بناری چیای ئارێز گردبوونەوە و گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوەیان ئەنجامدا. ئەم […]

You May Like