کۆڵبەرێکی خەڵکی شاری سەقز بەهۆی تەقەی هێزەکانی هەنگی مەرزی لە سنووری هەنگەژاڵی بانە بریندار بوو.
بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، ڕۆژی چوارشەممە ٩ی سەرماوەزی ١٤٠٢، کۆڵبەرێک بە ناسنامەی “کارۆ تەجروبەکار” خەڵکی شاری سەقز بەهۆی تەقەی هێزەکانی هەنگی مەرزی لە سنووری هەنگەژاڵی بانە بریندار بووە. بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، ئەم کۆڵبەرە بریندارە بۆ چارەسەر
بۆ ناوەندە پزیشکییەکانی بانە گواستراوەتەوە.
بەپشتبەستن بەو ئامارەی لە ماوەی دوو مانگی ڕابردوودا لە کۆڵبەرنیوز تۆمارکراوە، لە ١ی ڕەزبەر تا ١ ی سەرماوەزی ١٤٠٢، بەگشتی ١٥٤ کۆڵبەر لە ناوچە سنوورییەکانی کوردستان بەهۆی هۆکارەکانی وەک تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی هەنگی مەرزی، لێدان و ئازاردان لەلایەن هێزە سەربازییەکانی ڕژێم و کەوتنە سەر مین. کوژراو و بریندار بوون.
لەم ژمارەیە بەگشتی ٩ کۆڵبەر کوژراون و ١٤٥ کۆڵبەر برینداربوون. لە کۆی گشتی ١٥٤ کۆڵبەر کە کوژراون و برینداربوون، ١٤١ حاڵەت (٩٢%) بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەربازییەکان بووە.