ئارەش شەریفی هاووڵاتی خەڵکی شاری مەریوان لە گرتووخانەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە بۆ بەندیخانەی مەریوان گواسترایەوە.
بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، ئارەش شەریفی هاووڵاتی خەڵکی شاری مەریوان لە گرتووخانەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە بۆ بەندیخانەی مەریوان گواسترایەوە.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، ئارەش شەریفی ڕۆژی دووشەممە ٢٧ی خەرمانانی ١٤٠٢ لە گرتووخانەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە بۆ زیندانی مەریوان ڕاگوێزرا. مانگی گەلاوێژی ئەمساڵ ئەم هاووڵاتییە لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا بۆ بنەماڵەکەی ڕایگەیاند کە بۆ لێپرسینەوە لە گرتووخانەی ئیتلاعاتی مەریوانەوە بۆ گرتووخانەی ئیتلاعاتی سنە گوازراوەتەوە.
ئارەش شەریفی لە دوای دەستگیرکردنیەوە تا ئێستا دەستی بە پارێزەر و ئەگەری چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەش کراوە.
ئارەش شەریفی، تەمەن ٣٢ ساڵ، کوڕی عەباس، خەڵکی گوندی “تەنگیسەر” و دانیشتووی شاری مەریوان، لە ١٧ی جۆزەردانی ١٤٠٢ بەبێ فەرمانی دادگا لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا. تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر ئەو تۆمەتانەی ئاراستەی کراوە بەردەست نیە.