تەها ڕەسووڵیان، هونەرمەندی خەڵکی پیرانشار، لەلایەن دادگای ئینقلابەوە بە ٧ ساڵ و دوو مانگ زیندانی تعزیری و ٧٥ قامچی و غەرامەی ١٠ ملیۆن تمەن مەحکووم کرا.
بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، تەها ڕەسووڵیان، هونەرمەندی خەڵکی پیرانشار، لەلایەن دادگای ئینقلابەوە بە سەرپەرشتی قازی “ ئۆجاقلو” بە تۆمەتی ” ئەندامێتی لە یەکێک لە پارتە ئۆپۆزسیۆنەکاندا” بە ٧ ساڵ و دوو مانگ زیندانی تعزیری، ٧٥ قامچی و غەرامەکردنی زیاتر بە بڕی ١٠ ملیۆن تمەن سزای بەسەردا سەپێنراوە.
لە دۆسیەیەکی دیکەدا لە مانگی گوڵانی ساڵی ١٤٠٢دا، تەها ڕەسووڵیان بە تۆمەتی “تێکدانی نەزمی گشتی و ئارامی” لەلایەن لقی ١٠٢ی دادگای تاوانەکانی پیرانشار بە سەرۆکایەتی دادوەر “ڕەزا قارەمانی ساعتلو” بە سێ مانگ زیندان و ٤٠ قامچی سزای بەسەردا سەپێندرا.
تەها ڕەسووڵیان، هونەرمەندی خەڵکی شاری پیرانشار، ڕۆژی چوارشەممە ٢٨ی بەفرانباری ١٤٠١ لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی شاری پیرانشارەوە دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرابوو. سەرەنجام لە ٢ی ڕەشەمەی ١٤٠١ دا بەشێوەیەکی کاتی لە زیندانی نەقدە تا کۆتایی پرۆسەی دادگا ئازاد کرا.