ڕێکەوتننامەی قەسری شیرین (زەهاو) کە لە ١٧ی ئایاری ١٦٣٩ لە شاری زەهاو لە نزیک قەسری شیرین لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان واژۆکرا، کۆتایی بە شەڕی دوور و درێژی نێوان هەردوو حکومەتی داگیرکەری عوسمانی و سەفەوی هێنا.
بەپێی ڕێکەوتننامەی زەهاو، زەویەکانی ئیلی کەلهوڕ و بەشی ڕۆژهەڵاتی شارەزوور لە ژێر دەسەلاتی حکومەتی سەفەوی دا مانەوە، زەویەکانی خێڵی موکری لە هێڵی سنووری نوێ بۆ دوو بەش دابەش کران، بەشی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کەوتە ژێر دەسەڵاتی حکومەتی سەفەوی و بەشەکانی دیکەی کوردستان کە ژێر دەسەلاتی دەوڵەتی عوسمانییەوە.
پاش ئەم ڕێکەوتنە و دابەشکردنی کوردستان، حکومەتەکانی حکومڕانی ئێران، تورکیا، عێراق و سوریا لە بابەتی ٤بەش کرانی کوردستان سوودیان وەرگرت، تەنانەت لە هەر کاتێک کە پێویست بوایە، دوژمنایەتی و شەڕەکانی خۆیان ڕادەگرت و بۆ سەرکوت و کپکردنی بزووتنەوەکان و ڕاپەڕینەکان لە بەشە جیاوازەکانی کوردستان، دژی نەتەوەی کورد یەکیان دەگرت.