بەهمەن نادری، هاوڵاتیی خەڵکی کرماشان، بە دانانی بارمتە بەشێوەی کاتی لە زیندانی دیزڵئابادی شاری کرماشان ئازاد کرا.
بە پێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ٩ی خەزەڵوەری ساڵی ١٤٠٣ی هەتاوی، بەهمەن نادری، هاوڵاتییەکی خەڵکی شاری کرماشان، بە دانانی بارمتەی ٦٠٠ میلیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی و تا کۆتایی پرۆسەی یاسایی دادگاکەی، لە زیندانی دیزڵئاباد ئازاد کرا.
بەهمەن نادری لە ٢٠ی خەرمانانی ساڵی ١٤٠٣ لە سەروبەندی دووهەمین ساڵوەگەڕی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ژینادا، بەبێ فەرمانی دادگا، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا. بەهمەن نادری پاش دەستبەسەرکرانی بۆ لێپرسینەوە بۆ دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی کرماشان گوازرایەوە و پاش تێپەڕبوونی مانگێک و کۆتایی هاتنی پڕۆسەی لێپرسینەوە، بۆ زیندانی دیزڵئاباد گواسترایەوە.
بەهمەن نادری لە مانگی گوڵانی ساڵی ١٤٠٣ بە تۆمەتی “بانگەشە لە دژی ڕژیم” بانگهێشتی لقی یەکی دادگای شۆڕشی کرماشان کرا.
ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ٨ی ڕێبەندانی ١٤٠٢، ئەم هاوڵاتییە پاش بانگهێشتکرانی بۆ لقی چواری لێپرسینەوەی دادسەرای گشتی و شۆڕشی کرماشان بە هۆی بڵاوکردنەوەی بانگەوازی بایکۆتی هەڵبژاردن لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا، تۆمەتی «بانگەشە لە دژی ڕژیم»ی خرایە پاڵ و دوای چەند کاتژمێر دەستبەسەربوون بە بارمتەی ٤٠٠ میلیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی ئازاد کرا.
بەهمەن نادری لە لایەن لقی یەکی دادگای شۆڕشی کرماشانەوە بە تۆمەتی “بانگەشە لە دژی ڕژیم” بە شەش مانگ زیندانی و دانی غەرامەی هەشت میلیۆن تمەنی مەحکووم کرا و ئەم حوکمە ڕۆژی دووشەممە ٢٧ی خاکەلێوەی ١٤٠٣ لە دادگای شۆڕشی کرماشان بەم هاوڵاتییە ڕاگەیەندرا.
دادگای ئەم هاووڵاتییە لە ٦ی خەزەڵوەری ساڵی ١٤٠٢، لە لقی یەکی دادگای شۆڕشی کرماشان، بە تۆمەتی “بانگەشە لە دژی ڕژیم” لە ڕێگەی بڵاوکردنەوەی بانگەوازی بایکۆتی هەڵبژاردن لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە لە ساڵوەگەڕی شۆڕشی ژینادا، بەڕێوە چوو.
بەهمەن نادری لە ٢١ی خەرمانانی ساڵی ١٤٠٢، لە سەروبەندی ساڵڕۆژی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ژینادا، لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی سپای پاسدارانەوە دەستبەسەر کرا و دوای تێپەڕبوونی یەک حەوتوو بە دانانی بارمتەی ٥٠٠ میلیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی ئازاد کرا.
بەهمەن نادری خێزاندارە و لەدایکبووی ١٢ی گوڵانی ساڵی ١٣٦٩ی هەتاوییە.