مەهاباد؛ دەستبەسەرکرانی دوو هاووڵاتی کە یەکێکیان لاوێکی ١٧ ساڵانە

دوو هاووڵاتیی خەڵکی مەهاباد، یەکێکیان لاوێکی تەمەن ١٧ ساڵانە، بە هێرشی هێزەکانی ڕژیم بۆ سەر ماڵەکانیان لە گوندی «کۆسەکەریز» دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترانەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، بەرەبەیانی ڕۆژی سێشەممە ٢٢ی گوڵانی ١٤٠٥، هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپا، بە هێرشکردنە سەر ماڵی دوو هاووڵاتیی خەڵکی گوندی «کۆسەکەریز»ی سەر بە شاری مەهاباد، بەبێ پیشاندانی هیچ جۆرە بەڵگەیەکی یاسایی، دەستبەسەریان کردوون. ناسنامەی ئەم دوو هاووڵاتییە بە ناوی «میکایل (شۆڕش) دوودکانلو میلان» تەمەن ٤٠ ساڵ و خێزاندار، «ئیحسان خۆڕەم‌ئاباد» لاوی تەمەن ١٧ ساڵان، پشتڕاست کراوەتەوە.

بەپێی ئەو زانیارییانەی گەیشتوونەتە کۆڵبەرنیوز، ئەم دەستبەسەرکردنانە لە نێوان کاتژمێر ٣ بۆ ٥ی بەرەبەیاندا ئەنجامدراون و هێزەکانی ڕژیم دوای پشکنینی ماڵەکانیان، ئەم دوو هاووڵاتییەیان بۆ شوێنێکی نادیار گواستووەتەوە.

تا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، لە هۆکاری دەستبەسەرکران و تۆمەتەکانی ئەم دوو هاووڵاتییە کوردە هیچ زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە و ناوەندەکانی ڕژیم لەمبارەیەوە هیچ ڕوونکردنەوەیەکیان نەداوە.

هەروەها بنەماڵە و کەسوکاری ئەم دوو هاووڵاتییە تا ئێستا لە شوێنی ڕاگرتن، باری تەندروستی و دۆخیان لە کاتی دەستبەسەریدا بێ‌ئاگان.

کۆڵبەرنیوز

Next Post

قەیرانی ئاو لە ئێرانی دوای شەڕ

چ مه 13 , 2026
سەرەڕای بارانبارینێکی تاڕادەیەک باش لە مانگەکانی ڕابردوودا لە هەندێک ناوچەی ئێران، قەیرانی ئاو نەک هەر کەمی نەکردووە، بەڵکوو لە سەروبەندی هاویندا سەرلەنوێ بووەتە یەکێک لە جددیترین هەڕەشە ژینگەیی، کۆمەڵایەتی و بژێوییەکانی وڵات. پڕۆژەکانی وەک شیرینکردنی ئاوی دەریا و گواستنەوەی ئاو لە کەنداوی فارسەوە بۆ ناوچە ناوەندییەکان، بەهۆی هەڵگیرسانی شەڕەوە ڕاوەستاون، […]

بابەتی پەیوەندیدار