
ئەمیر خالدیان، هاووڵاتیی خەڵکی قوروە و لە دەستبەسەرکراوانی ناڕەزایەتییەکانی بەفرانباری ١٤٠٤، لەلایەن دەزگای دادی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە پێنج ساڵ و شەش مانگ زیندانیی تەعزیری و دوو ساڵ دوورخستنەوە بۆ میناب سزادرا.
بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، ئەمیر خالدیان، تەمەن ٣٥ ساڵ و دانیشتووی قوروە، لە دوو دۆسیەی جیاوازدا لەلایەن دەزگای دادی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە زیندان و دوورخستنەوە سزادراوە. بەپێی ڕاپۆرتەکان، لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی قوروە بە سەرۆکایەتیی دادوەر محەممەدحوسێن بیگدلو، ئەم هاووڵاتییەی بە چوار ساڵ و شەش مانگ زیندانیی تەعزیری سزاداوە.
هەروەها لقی دادگای سزاکانی قوروە بە سەرۆکایەتیی دادوەر هادی خانی، ناوبراوی لە دۆسیەیەکی دیکەدا بە یەک ساڵ زیندانیی تەعزیری و دوو ساڵ دوورخستنەوە بۆ شاری میناب لە پارێزگای هورمزگان سزاداوە.
ئەمیر خالدیان لە ناڕەزایەتییەکانی بەفرانباری ساڵی ڕابردوودا دەستبەسەر کرا و بەپێی ڕاپۆرتەکان، لە کاتی دەستبەسەرکردنیدا بەتوندی کەوتبووە بەر لێدان و ئەشکەنجە.
ناوبراو پێشتریش لە سەردەمی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی «ژینا»دا لەلایەن ناوەندەکانی ئەمنیی دەستبەسەر کرابوو و پێشینەی لێپرسینەوە و ئەشکەنجەی لە کاتی دەستبەسەرکردنیدا هەیە.

