دێولان؛ بانگهێشتی سوهەیلا موتاعی، چالاکیی مەدەنی بۆ دادگا

سوهەیلا موتاعی، چالاکیی مەدەنی خەڵکی شاری دێولان، بە تۆمەتی «بانگەشە دژی ڕژیم» بۆ لقی ١٠٢ی دادگای دووی ئەم شارە بانگهێشتکرا.

بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، سوهەیلا موتاعی، چالاکیی مەدەنی خەڵکی شاری دێولان، بە وەرگرتنی ڕاگەیەندراوێکی فەرمی بۆ لقی ١٠٢ی دادگای دووی شاری دێولان بانگهێشتکرا. بەپێی ئەم ڕاگەیەندراوە، ناوبراو دەبێت لە سێی جۆزەردان بۆ پێشکەشکردنی کۆتا بەرگری لە خۆی لە دادگا ئامادەبێت. تۆمەتەکانی دژی سوهەیلا موتاعی «بانگەشە بۆ بەرژەوەندی کۆمەڵەکان یان ڕێکخراوەکانی دژبەری ڕژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران» ڕاگەیەندراوە.

پێشتر لە ٢٧ی ڕەشەمەی ١٤٠٣، سوهەیلا موتاعی، چالاکیی مەدەنی خەڵکی شاری دێولان بە پێدانی بارمتەی یەک ملیارد تمەن بە شێوەی کاتی لە زیندان ئازادکرابوو.

سوهەیلا موتاعی، ڕۆژی دووشەمە بیستی ڕەشەمەی ١٤٠٣، لە بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمەکانی ڕێزلێنان لە ڕۆژی جیهانی ژن لە شاری سنە لەلایەن هێزە ئەمنییەکان دەستبەسەر و لە گرتووخانەیەکی ئەمنی شاری سنە دەستبەسەر و لێپرسینەوەی لێکراوە.

ئەم چالاکە مەدەنییە پێشتر لە سێی ڕێبەندانی ١٤٠٣، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی شاری دێولان بەهۆی بەشداری لە مانگرتنی گشتی شارەکانی کوردستان کە دژی سزای لەسێدارەدان بەڕێوەچوو، دەستبەسەر کرابوو.

سوهەیلا موتاعی، لە هاووڵاتیانی دەستبەسەرکراوی ناڕەزایەتیە سەرتاسەریەکان، پێشتر لەلایەن دادگای شاری دێولان بە ٣ ساڵ و ٩ مانگ زیندانیکردن سزادرا. لە کاتی پەسەندکردنی ئەم سزایەدا لە قۆناغی پێداچوونەوە، بە جێبەجێکردنی ماددەی ١٣٤ی سزاکانی یاسایی ئیسلامی، توندترین سزاکان واتە هەژدە مانگ زیندانیکردن بۆ ناوبراو جێبەجێ کرابوو.

بەپێی ئەم سزایە کە لەلایەن لقی دووی دادگای شاری دێولان دەرچووە و بە ناوبراو ڕاگەیەندراوە، سوهەیلا مەتاعی، بە تۆمەتەکانی وەکو “تێکدانی یاسای گشتی” بە هەژدە مانگ، “تێکدانی ڕای گشتی لەڕێگەی بڵاوکردنەوەی درۆ”، “یاخیبوون دژی هێزەکان” بە پێنج مانگ و “بانگەشەی کۆمەڵەکان و ڕێکخراوەکانی دژبەری ڕژیم” بە نۆ مانگ زیندانی تەعزیری سزادرا. لە کاتی پەسەندکردنی ئەم سزایەدا لە قۆناغی پێداچوونەوە، بە جێبەجێکردنی ماددەی ١٣٤ی سزاکانی یاسای ئیسلامی، توندترین سزا واتە هەژدە مانگ زیندانیکردن بۆ ناوبراو جێبەجێ کرابوو.

سوهەیلا موتاعی، لە نۆی ڕەزبەری ١٤٠١، لە ئاخێزی ناڕەزایەتیە سەرتاسەریەکان لەلایەن هێزە ئەمنییەکان لە شاری دێولان دەستبەسەر و ڕۆژی دووشەمە ٢٥ی ڕەزبەر بە پێدانی بارمتەی ٤٠٠ ملیۆن تمەن بە شێوەی کاتی ئازاد کرابوو.

کۆڵبەرنیوز

Next Post

ڕووداوەکانی کار؛ گیان لەدەستدان و برینداربوونی پێنج کرێکار لە ڕامشیر و سەوادکوە بەهۆی نەبوونی ئەمنییەتی کار

ج مه 16 , 2025
پێنج کرێکار بەهۆی نەبوونی ئەمنییەتی شوێنی کار برینداربوون و گیانیان لەدەستداوە. بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، ڕۆژی هەینی ٢٦ی گوڵانی ١٤٠٤، بەهۆی نەبوونی ستانداردەکانی ئەمنییەتی لە شوێنەکانی کاردا، پێنج کرێکار لە دوو ڕووداوی جیادا لە شارەکانی ڕامشیر و سەوادکوە تووشی ڕووداو بوون. بەهۆی ئەم ڕووداوە، دوو کرێکار گیانیان لەدەستدا و سێ کرێکاری […]

You May Like