دیپلۆماسیی مانەوە، کۆماری ئیسلامی و وەهمی مانۆڕدان لە نێوان زلهێزەکاندا

لە ماوەی ٤٧ ساڵی ڕابردوودا، یەکێک لە ڕەوایەتە باوەکان سەبارەت بە مانەوەی کۆماری ئیسلامی ئەوە بووە کە ئەم ڕێژیمە توانیویەتی بە لێهاتووییەوە سوود لە درز و ناکۆکیی نێوان زلهێزەکان وەربگرێت و خۆی لەناو فەزای ڕکابەریی ئەمریکا، ڕووسیا، چین و ئورووپادا ڕابگرێت. بەپێی ئەم ڕەوایەتە، کۆماری ئیسلامی بە پشتبەستن بە سیاسەتی «نە ڕۆژهەڵاتی، نە ڕۆژئاوایی» لە لایەک و کەڵک وەرگرتن لە دژوازییە جیهانییەکان لە لایەکی دیکەوە، توانیویەتی فشارە نێودەوڵەتییەکان کۆنترۆڵ و مانەوەی خۆی مسۆگەر بکات. بەڵام ئەم وێنەیە، پتر لەوەی کە ڕاستی بێت، جۆرێکە لە ئەفسانەیەکی سیاسی. تێڕوانینێکی وردتر دەری دەخات کە فەزای مانۆڕی کۆماری ئیسلامی زۆر سنووردارترە لەوەی کە لایەنگران و پڕوپاگەندە فەرمییەکانی ڕێژیم نیشانی دەدەن. مانەوەی ئەم حکوومەتە نەک لە توانای دیپلۆماسیی ئەو، بەڵکوو دەبێ لە دوو هۆکاری ناوخۆییدا بەفی بکرێت، واتە لە دەزگای سەرکوت و نەبوونی ئەڵتەرناتیڤێکی ڕێکخراو.
تیۆریی “کەڵکوەرگرتن لە دژوازییە ئیمپریالیستییەکان” کە کۆماری ئیسلامی بە شێوازی جۆراوجۆر بەکاری هێناوە، لەسەر ئەو بنەمایەیە کە کاتێک زلهێزەکان ڕکابەریی یەکتر دەکەن، حکوومەتێکی وەک ڕێژیمی ئێران دەتوانێت بە لێنزیکبوونەوە لە یەکێکیان، فشاری ئەوی دیکەیان پووچەڵ بکاتەوە. کۆماری ئیسلامی هەوڵی داوە لە بەرامبەر فشاری ئەمریکادا لە چین و ڕووسیا نزیک بێتەوە، لە بەرامبەر گۆشەگیریی ڕۆژئاواییدا سوود لە درزەکانی نێوان ئورووپا و ئەمریکا وەربگرێت و لە ناوچەکەشدا کەڵک لە دژایەتییەکانی نێوان دەوڵەتە عەرەبییەکان، ئیسرائیل و دەسەڵاتە جیهانییەکان وەربگرێت. بەڵام لە کرداردا، هەر کام لەم دەسەڵاتانە ئەولەویەتگەلێکیان هەیە کە ئێران تێیاندا خاوەن پێگەیەکی لاوەکییە.
چین نموونەیەکی ڕوونی ئەم ڕاستییەیە. ئەم وڵاتە گەورەترین هاوبەشی ئابووریی ئێران و یەکێک بووە لە گرینگترین کڕیارانی نەوتەکەی. کۆماری ئیسلامی ساڵانێکە هەوڵ دەدات پەیوەندی لەگەڵ چین وەک پشتیوانێکی ستراتیژی لە بەرامبەر ئەمریکادا بە ڕای گشتی نیشان بدات. گرێبەستی ٢٥ ساڵەی ئێران و چینیش لە پڕوپاگەندە فەرمییەکاندا وەک وەرچەرخانێکی مێژوویی لەقەڵەم درا. بەڵام ئەزموونەکان دەریانخست کە ئەم گرێبەستە زیاتر لەوەی کە گۆڕانکاریی دروست بکات، لایەنێکی ڕەمزی و پڕوپاگەندەیی هەیە. چین ئامادە نییە بەرژەوەندییە باڵاکانی خۆی فیدای ئێران بکات. پەیوەندییە بازرگانییە گەورەکان لەگەڵ ئەمریکا، پێویستی بە سەقامگیری بازاڕی جیهانی، دۆسیەی هەستیاری تایوان و پەیوەندییە بەربڵاوەکان لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی کەنداو، بەتایبەت عەرەبستانی سعوودی، بۆ پکین گرینگیەکی زۆر زیاتریان هەیە لە پەیوەندی لەگەڵ کۆماری ئیسلامی.
ئەم ڕاستییە لە سەردانی ئەم دواییەی دۆناڵد ترامپ بۆ چین و وتووێژەکانی لەگەڵ شی جین پینگ جارێکی دیکە خۆی نیشانداوە. بەپێی ڕاپۆرتەکان، یەکێک لە تەوەرەکانی ڕێککەوتن و لێکتێگەیشتنی نێوان هەردوولا، بریتی بووە لە زەروورەتی کراوەمانەوەی گەرووی هورمز و ڕێگریکردن لە کۆنترۆڵکردنی ئەم ڕێڕەوە ئاوییە گرینگە لەلایەن ئێرانەوە. هەر ئەم خاڵە نیشانی دەدات کە تەنانەت لە لوتکەی ڕکابەریی واشنگتۆن و پکیندا، دوو زلهێزەکە دەتوانن لەسەر بابەتێکی وەک لەغاوکردنی ئێران و پاراستنی ڕەوتی ئازادی وزە، بگەنە لێکتێگەیشتن. بۆ چین، ئەمنییەتی تێپەڕبوونی نەوت لە کەنداوی فارس بەهۆی پشتبەستنی قووڵی ئابووریی چین بە وزەی ناوچەکە، بەتایبەت نەوتی وڵاتە عەرەبییەکان، پرسێکی سەرەکی و جیدییە. کەواتە کۆماری ئیسلامی ناتوانێت وەک بە دڵنیاییەوە پشت بە کەلێنی نێوان ئەمریکا و چین ببەستێت. چین لەوانەیە ئێران وەک کارتێکی فشار بەکار بهێنێت، بەڵام هەرگیز ئامادە نییە بە خاتری ئێران بکەوێتە ناو ڕووبەڕووبوونەوەیەکی ستراتیژی لەگەڵ ئەمریکا، عەرەبستانی سعوودی یان بازاڕە جیهانییەکان.
ڕووسیاش بارودۆخێکی هاوشێوەی هەیە. کۆماری ئیسلامی هەندێک جار پەیوەندی لەگەڵ ڕووسیا وەک هاوپەیمانییەکی ستراتیژی دەناسێنێت، بەڵام ڕووسیا زیاتر وەک ئامرازێکی تاکتیکی سەیری ئێران دەکات نەک هاوپەیمانێکی بەردەوام. ڕووسیا لە چەندین دۆسیەی جیاوازدا، لەوانە لە سووریاوە تا پرسی وزە و لە پەیوەندییە سەربازییەکانەوە تا دانوستانە نێودەوڵەتییەکان، کارتی ئێرانی بەکار هێناوە، بەڵام هەر کاتێک بەرژەوەندییە باڵاکانی ڕووسیا بخوازێت، کۆماری ئیسلامی بە خێرایی دەخرێتە پەراوێزەوە. بۆ ڕووسیا، پەیوەندی لەگەڵ ئێران ئامرازێکە بۆ گوشار خستنە سەر ڕۆژئاوا، بەڕێوەبردنی قەیرانە ناوچەییەکان و بەدەستهێنانی ئیمتیاز لە دانوستانە گرنگەکاندا. ئەگەر بێتوو ڕۆژێک لە ڕۆژان ئاسۆیەکی جیددی بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئورووپا یان ئەمریکا بەڕوویدا بکرێتەوە، پێگەی ئێران لە هاوکێشەکانی ڕووسیادا دەکرێ بە خێرایی دابەزێت.

مێژووی پەیوەندییەکانی دوو وڵاتیش پڕە لەو نموونانەی کە نیشانی دەدەن ڕووسیا هەرگیز خۆی پابەند نەکردووە بە بەرگریی ستراتیژی لە کۆماری ئیسلامی.
ئورووپاش بەپێچەوانەی چاوەڕوانییە بەردەوامەکانی تاران، هیچ کات نەیتوانیوە یان نەیویستووە لە بەرامبەر ئەمریکادا بە قازانجی ئێران بوەستێتەوە. دوای کشانەوەی ئەمریکا لە بەرجام، کۆماری ئیسلامی پێی وابوو ئورووپا دەتوانێت ڕێگەیەک بۆ دەورلێدانەوەی گەمارۆکان بدۆزێتەوە. بەڵام ئورووپا لە کۆتاییدا لە چوارچێوەی بازاڕەکانی ڕۆژئاوا، سیستەمی دارایی جیهانی و پەیوەندییەکی بەرفراوان لەگەڵ ئەمریکا و وڵاتانی دەوڵەمەندی عەرەبیدا کار دەکات. کۆمپانیا زەبەلاحە ئەورووپاییەکان ئامادە نین لەپێناو بازاڕی سنووردار و پڕ مەترسیی ئێراندا، دەستڕاگەیشتنی خۆیان بە سیستەمی دارایی ئەمریکا بخەنە مەترسییەوە. دانوستانە ئەتۆمییەکانیش چەندین جار نیشانیان دا کە ئورووپا لە ساتەوەختە یەکلاکەرەوەکاندا، نەک لە بەرامبەر ئەمریکا، بەڵکوو لە تەنیشت ئەوەدا دەوەستێت.
لە هەمان کاتدا، ڕکابەریی ئەمریکا و چین لە کەنداوی فارسیش نەک وەک دەرفەتێک بۆ تاران، بەڵکوو کۆمەڵێک ئاستەنگ و سنووردارکردنی نوێی بۆ دروستکردووە. ئەمریکا هەوڵ دەدات وڵاتانی عەرەبی کەنداو زیاتر لە پێشوو لەناو بازنەی ئەمنی و سەربازیی خۆیدا بهێڵێتەوە. چینیش وەک گەورەترین کڕیاری نەوتی هەر ئەم وڵاتانە، لە هەوڵی فراوانکردنی هەژموونی ئابووریی خۆیدایە لە ناوچەکەدا. دەرەنجامی ئەم دۆخە ئەوەیە کە کەنداوی فارس بووەتە مەیدانی ڕکابەریی ڕاستەوخۆی واشنگتۆن و پکین، بەڵام ئێران لەم مەیدانەدا ئەکتەری سەرەکی نییە. کۆماری ئیسلامی وای دەزانی دەتوانێت سوود لە کەلێنی نێوان ئەم دوو دەسەڵاتە وەربگرێت، لە کاتێکدا بە کردەوە دەبینێت کە هەردوو دەسەڵاتەکە، هەر کامەیان لە گۆشەنیگای بەرژەوەندییەکانی خۆیانەوە، خوازیاری سنووردارکردنی ڕەفتارە پڕ مەترسییەکانی ڕێژیمی ئێرانن، بەتایبەت هەر ڕەفتارێکی کە ئەمنییەتی وزە، گەرووی هورمز یان سەقامگیریی بازاڕی جیهانی بخاتە مەترسییەوە.
لەو ڕوانگەیەوە، دیپلۆماسیی کۆماری ئیسلامی نەک دیپلۆماسیی ئەکتەرێکی زیرەک و بەهێز، بەڵکوو دیپلۆماسیی حکوومەتێکی گەمارۆدراوە. کۆماری ئیسلامی زیاتر لەوەی کە بتوانێت خاوەنی دەسپێشخەری و داهێنانێکی ستراتیژیی بێت، پشت بە تاکتیکەکانی کات کوشتن دەبەستێت، لەوانە درێژکردنەوەی دانوستانەکان، بەکارهێنانی قەیرانە ناوچەییەکان بەمەبەستی وەرگرتنی ئیمتیاز، هەڕەشەی زیادکردنی پیتاندنی یۆرانیۆم، نزیکبوونەوەی کاتیی لە ڕووسیا یان چین، و هەوڵدان بۆ دروستکردنی کەلێن و ناکۆکی لە نێوان وڵاتە ڕۆژئاواییەکاندا. ئەم تاکتیکانە هەندێک جار کاتیان بۆ کڕیوە، بەڵام نەیانتوانیوە قەیرانە بنەڕەتییەکانی ڕێژیم چارەسەر بکەن. کۆماری ئیسلامی نە توانیویەتی گەمارۆکان بە شێوەیەکی بەردەوام لابات، نە وەبەرهێنانی دەرەکی ڕابکێشێت، نە پێگەی ناوچەیی خۆی جێگیر بکات و نە مەشروعییەتی نێودەوڵەتی بەدەست بهێنێت.
هەربۆیە ئەگەر کۆماری ئیسلامی توانیویەتی ٤٧ ساڵ درێژە بە دەسەڵاتەکەی بدات، هۆکارە سەرەکییەکەی دەبێ لە ناوخۆدا بۆی بگەڕێین. هۆکاری یەکەم، دەزگای سەرکوتە. ڕێژیم هەر لە سەرەتاوە، بەشێکی زۆری سەرچاوەکانی وڵاتی بۆ دروستکردن و پەرەپێدانی دامەزراوە ئەمنی و سەربازییەکانی وەک سپای پاسداران، بەسیج، وەزارەتی ئیتلاعات، هێزە ئینتیزامییەکان و تۆڕە هاوتەریبە ئەمنی و دادوەرییەکان خەرج کرد. ئەم دەزگایە لە ماوەی دەیان ساڵی ڕابردوودا گەلێک جار نیشانی داوە کە لەپێناو پاراستنی دەسەڵاتەکەیدا لە هیچ شێوازێکی توندوتیژی دەست ناپەرێزێت، لە کۆمەڵکوژیی ٦٧ەوە بگرە تا سەرکوتی بزووتنەوەی سەوز، لە خەزەڵوەری ٩٨ەوە تا ڕاپەڕینی “ژن، ژیان، ئازادی” و لە سەرکوتە بەربڵاوەکانی ئەم دواییانەوە تا کۆمەڵکوژییەکانی مانگی بەفرانبار. ئەم سەرکوتە ڕێکخراوە، گرینگترین ئامراز و کۆڵەکەی مانەوەی ئەم دەسەڵاتە بووە.
لە سایەی هەر ئەم پێکهاتە ئەمنییەدا، کۆماری ئیسلامی توانی ژێرخانە سەربازی و ناوچەییەکانی خۆیشی پەرەپێبدات. بودجە شاراوەکان، سەرچاوە گشتییەکان، داهاتە نەوتییەکان و گوشار خستنەسەر بژێوی خەڵکی، لەپێناو بەهێزکردنی توانای مووشەکی، تۆڕە بەکرێگیراوەکان و پڕۆژە سەربازییەکاندا خەرج کرد. نیشاندانی هێز لە شەڕە ١٢ ڕۆژە و ٤٠ ڕۆژە ناوچەییەکاندا، بەرهەمی ئەم چەند دەیەی دابینکردنی ئەو هەزینانە بوو لە گیرفانی خەڵک. بەڵام ئەم توانا سەربازییە نە خۆشگوزەرانی بۆ خەڵک بەدیاری هێنا، نە ئاسایشی بەردەوام و نە نانێکی خستە سەر و سفرە و خوانی خەڵک. بەپێچەوانەوە، کۆمەڵگای هەژارتر، ئابوورییەکەی لاوازتر و وڵاتەکەی گۆشەگیرتر کرد.
هۆکاری دووەم، نەبوونی ئەڵتەرناتیڤێکی ڕێکخراوە. کۆماری ئیسلامی بە شێوەیەکی سیستماتیک حیزبە سەربەخۆکان، ڕێکخراوە کرێکارییەکان، دامەزراوە مەدەنییەکان، میدیا ئازادەکان و سەرکردە سیاسییە نەیارەکانی سەرکوت کردووە.

لەسێدارەدان، زیندان، دوورخستنەوە، سڕینەوە، هەڕەشە و قەدەغەکردنی چالاکیی سیاسی، فەزایەکی دروست کردووە کە تێیدا کۆمەڵگا ناڕازییە، بەڵام هیچ بژاردەیەکی سیاسیی بەهێز و گشتگیری نییە بۆ جێگرەوە و ئاڵترناتیڤی ڕێژیم. ئەم بۆشاییە سیاسییە، خۆی لەخۆیدا بووەتە یەکێک لە ئامرازەکانی مانەوەی حکوومەت. ڕێژیم بە لەناوبردنی ئەڵتەرناتیڤەکان، هەوڵ دەدات خۆی وەک تاقە بژاردەی هەبوو نیشان بدات و کۆمەڵگا لە نێوان “تەحەمول کردنی دۆخی هەبوو” و “ترس لە ئاژاوە و پشێوی”دا گرفتار بکات.

کۆڵبەرنیوز

بابەتی پەیوەندیدار