
مەسعوود (سۆران) عەبدوڵڵازادە، هاووڵاتیی خەڵکی گوندی «خەلیفان»ی سەر بە شاری نەغەدە، دوای ٢٢ ڕۆژ دەستبەسەرکردنی خۆسەرانە، بە دانانی بارمتە بە شێوەیەکی کاتی لە زیندانی ئەم شارە ئازاد کرا.
بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، ڕۆژی یەکشەممە ٢٠ی گوڵانی ١٤٠٥، مەسعوود عەبدوڵڵازادە دوای ٢٢ ڕۆژ دەستبەسەرکردن و ڕاگرتنی لە گرتووخانە و زیندانی نەغەدە، بە دانانی بارمتە بە شێوەیەکی کاتی ئازاد کرا. ئەم هاووڵاتییە لە ماوەی دەستبەسەرکردنیدا بۆ لێپێچینەوە گواسترابووەوە بۆ یەکێک لە گرتووخانەکانی ورمێ و دوای تەواوبوونی قۆناغەکانی لێپێچینەوە، گەڕێنرابووەوە بۆ زیندانی نەغەدە.
بەڕێز عەبدوڵڵازادە لە ماوەی دەستبەسەرکردنیدا لە هەبوونی پارێزەر و چاوپێکەوتنی بنەماڵەکەی بێبەش کرابوو.
بەرەبەیانی ڕۆژی یەکشەممە ٣٠ی خاکەلێوەی ١٤٠٥، هێزەکانی ڕژیم بەبێ نیشاندانی حوکمی دادوەری هەڵیانکوتابووە سەر ماڵی ئەم هاووڵاتییە و دەستبەسەریان کردبوو.
مەسعوود عەبدوڵڵازادە پێشتریش لە کاتی سەرهەڵدانی شۆڕشگێڕانەی «ژینا» لەلایەن هێزەکانی ڕژیم دەستبەسەر کرابوو.
ئەم هاووڵاتییە کوردە لەدایکبووی ساڵی ١٣٦٥، خێزاندارە و خاوەنی دوو منداڵە.
تا کاتی بڵاوکردنەوەی ئەم ڕاپۆرتە، زانیارییەکی ورد دەربارەی هۆکارەکانی دەستبەسەرکردن و تۆمەتەکانی مەسعوود عەبدوڵڵازادە لەبەر دەستدا نییە.

