
سالار خەلیفەزادە، هاووڵاتییەکی تەمەن ٤٣ ساڵی خەڵکی مەهاباد، سەرەڕای تێپەڕبوونی زیاتر لە شەش مانگ بەسەر دەستبەسەرکردنیدا، هێشتا بە ناڕوونی لە زیندانی ناوەندیی میاندواو ڕاگیراوە و دۆسیەکەی لە دۆخێکی تەمومژاویدایە.
بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، سالار خەلیفەزادە کە ئێستا لە زیندانی ناوەندیی میاندواو بەندکراوە، لە ماوەی دەستبەسەرکردنیدا لە مافی ئازادیی کاتی و پرۆسەی دادگاییکردنی دادپەروەرانە بێبەش کراوە. دامودەزگا پەیوەندیدارەکان تا ئێستا هیچ ڕوونکردنەوەیەکی ئاشکرایان سەبارەت بە بارودۆخی یاسایی دۆسیەکەی نەداوە.
ئەم هاووڵاتییە کاتژمێر ١١ی سەرلەبەیانی ڕۆژی دووشەممە، ٥ی خەزەڵوەری ١٤٠٤، لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی مەهاباد لە شوێنی کارەکەی، کە شوێنێکی فرۆشتنی خۆراک بوو لە نزیک قوتابخانەی فاتیمیە، دەستبەسەر کرا. بەپێی زانیارییەکان، هێزەکانی ڕژیم لە کاتی دەستبەسەرکردنیدا هیچ جۆرە حوکمێکی دادوەرییان پێ نیشان نەداوە.
سالار خەلیفەزادە دوای تەواوکردنی قۆناغی لێپرسینەوە لە زیندانەکانی مەهاباد و ورمێ، بۆ زیندانی ناوەندیی میاندواو گوازرایەوە. سەرەڕای سەردان و بەدواداچوونی بەردەوامی بنەماڵەکەی، دەزگا ئەمنی و دادوەرییەکان تا ئێستا لە ڕاگەیاندنی شەفافانەی تۆمەتەکان و هۆکاری بەردەوامیی دەستبەسەرکردنی ناوبراو وەڵام نادەنەوە.

