دوازدە ناو، دوازدە ژیان، بە یادی کرێکارانی گیانبەختکردووی پاڵاوگەی گازی دێهلۆڕان

ئێوارەی ڕۆژی شەممە ٢٣ی خەزەڵوەر، لە ڕێگای ئاودانان، ئەو ئوتوبووسەی کە کرێکارانی پاڵاوگەی گازی دێهلۆڕانی بەرەو ماڵەوە دەگواستەوە، وەرگەڕا. لانیکەم دوازدە کرێکار گیانیان لەدەستدا و شازدە کەسی دیکەش بریندار بوون. ئەم کرێکارانە دوای ڕۆژێکی کاری سەخت و تاقەتپڕووکێن، لە ڕێگای گەڕانەوەدا بوون بەرەو ماڵەوە. بنەماڵەکانیان چاوەڕێیان بوون، سفرە ڕاخرابوو و منداڵانێک لە چاوەڕوانیی هاتنەوەی باوکیاندا بوون. بەڵام ئەو سەفەرە بۆ دوازدە کەس لەوان، بوو بە دوایین سەفەری ژیانیان.
ناوەکانیان بەوپەڕی ڕێز و تووڕەییەوە دووبارە دەکەینەوە، چونکە نامانەوێت لە هەواڵێکی کورتدا تەنیا وەک ژمارەیەک سەیر بکرێن. گیانبەختکردووانی ئەم کارەساتە بریتی بوون لە: ئەمین محەمەدوەلی، محەمەدڕەزا محەممەدی، سەعید غوڵامی، لوتفوڵڵا مورادی، ڕوحوڵڵا عەلیجانی، فەریبورز هادیزادە، سەجاد نەسروڵڵاهی، بەهرام تەهماسبی، محەممەد ڕەحیمی، مووسا ڕەحیمی، ئەحمەد تەقیزادە و ئەیووب حەسەنوەند. هەر یەک لەم ناوانە ژیانێکە، لە پشت هەر یەکێکیانەوە باوکێک، دایکێک، هاوسەرێک یان منداڵێک وەستاوە کە لە ئەمڕۆ بەدواوە دەبێت لەگەڵ جێگەی بەتاڵی ئازیزەکەیدا بژی. ئەم دوازدە کرێکارە، هاوشێوەی هەزاران کرێکاری دیکەی پیشەسازیی نەوت و گاز، سامانێکیان بەرهەم دەهێنا کە لە بودجە و تەرازووی داراییەکاندا هەژمار دەکرێت، بەڵام بەشی خۆیان لەو سامانە، بریتی بوو لە ئوتوبووسێکی کۆن و شەقوشڕ و ڕێگایەکی نائەمن.
بریندارانی ئەم کارەساتەش هێشتا لەسەر تەختی نەخۆشخانەکان بەدەست ئازار و نیگەرانییەوە دەناڵێنن. تەوەکول خەستەوانە، مەهدی کەریمزادە، مەهدی نەزەرزادە، ئومێد حاجیزادە و محەممەد پوورساعیدی لە نەخۆشخانەی “ڕەسووڵی ئەکرەم”ی ئاودانان خەوێندراون. سامان هیمەتی، ئیسماعیل موحتەشەمیان، عیسا کەرەمی، کامەران نەورۆزی، نەعیم محەممەدوەلی، مەهدی دوڕدانە، ئیحسان دانیالی، موراد ئەکبەریزاد، نوورمحەممەد سەفار، عەلی دانیالی، ئارەش بابایی، حوسێن محەممەدی ئەرشەد و مەجید فەیلی، گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانەی “گەنجەویان”ی دزفوول. بەپێی ڕاپۆرتەکان، نەعیم محەممەدوەلی و مەجید فەیلی بەهۆی سەختیی برینەکانیانەوە لە بەشی چاودێریی چڕدان. ئێمە هاوسۆزی ئەوان و بنەماڵەکانیانین و هیوای چاکبوونەوەیان بۆ دەخوازین، لە هەمان کاتدا دەبینە دەنگی ئەوان تاوەکوو ئەم ئازارە لە بێدەنگیدا لەبیر نەکرێت.
بەرپرسان و خاوەنکاران بەم کارەساتە دەڵێن “ڕووداوی هاتوچۆ”. ئەم وشەیە بە ئەنقەست هەڵدەبژێرن، چونکە “ڕووداو” واتە قەدەر، واتە بەدبەختی، واتە کەس تاوانبار نییە. بەڵام کرێکاران و بنەماڵەکانیان باش دەزانن کە ئەم مرگانە بە ڕێکەوت نەبوون. کرێکارانی نەوت، گاز و پترۆشیمیی، بەتایبەت هێزە پەیمانکارییەکان، ساڵانێکە ناچارن بە ئامرازی گواستنەوەی کۆن و لەکارکەوتوو لە ڕێگاوبانە نائەمنەکاندا هاتوچۆ بکەن. ساڵانێکە دوای شیفتی کاری درێژماوە و تاقەتپڕووکێن، بە ماندوویی و بێهێزییەوە ڕێگای سەفەری ڕۆژانە و هەفتانە دەگرنە بەر. ساڵانێکە دەنگی ناڕەزایەتییان نابیسترێت. کاتێک هەموو ئەمانەیان دەزانی و هیچ کارێکیان نەکرد، ئیتر ناکرێت باس لە “ڕووداو” بکرێت؛ ئەمە ئەنجامی ڕاستەوخۆی بێباکیی و کەمتەرخەمی بەئەنقەست بەرامبەر بە گیانی کرێکاران.
دەبێت ڕاشکاوانە بوترێت کە ئەم کارەساتە بەرهەمی لۆژیکێکە کە قازانج دەخاتە پێش گیانی مرۆڤەوە. لە زۆربەی پڕۆژە پیشەسازییەکاندا، خاوەنکاران و کۆمپانیا گەورەکان بۆ کەمکردنەوەی تێچووەکان، خزمەتگوزاریی گواستنەوەیان سپاردووە بە پەیمانکارە هەرزانەکان. پەیمانکاریش بۆ قازانجی زیاتر، هەرزانترین ئامرازی هاتوچۆ و کۆنترین ئۆتۆمبێل بەکاردەهێنێت. لەم زنجیرەیەدا هەر ئەڵقەیەک پشکی خۆی بەردەکەوێت و تەنیا کرێکارە کە باجەکەی بە گیانی خۆی دەدات. حکومەتیش کە ئەرکی چاودێریکردنی لەسەرشانە، یان چاوی خۆی نوقاندووە یان خۆی لەم زنجیرەیەدا هاوبەشە. دامودەزگا چاودێرییەکان لە کوێ بوون؟ پشێکنەرە هونەرییەکان لە کوێ بوون؟ بۆچی کەس نەیپرسی ئەو کرێکارانەی سامانی ئەم وڵاتە لە قووڵایی زەوییەوە دەردەهێنن، بە چ ئامرازێک و لە چ دۆخێکدا دەگەڕێنەوە بۆ ماڵەکانیان؟
ئەمنییەتی گواستنەوەی کرێکاران بەشێکی دانەبڕاوە لە ئەمنییەتی شوێنی کار. بەرپرسیارێتیی خاوەنکار لە دەرگای پاڵاوگەکەدا کۆتایی نایەت. کرێکار لەو ساتەوەی بەرەو شوێنی کار بەڕێدەکەوێت تا ئەو ساتەی بە سەلامەتی دەگەڕێتەوە ماڵەوە، لە کاتی کارکردندایە. هەر خاوەنکارێک ئەم ڕاستییە سادەیە پشتگوێ بخات، لە کوشتنی کرێکارەکانیدا هاوبەشە.
کارەساتی دێهلۆڕان جارێکی دیکە پێویستیی داواکارییە دەستبەجێ و بنەڕەتییەکانی کرێکارانی زەق کردەوە. ئێمە ئەم داواکارییانە بە دەنگی بەرز ڕادەگەیەنین:
یەکەم: دەبێت لێکۆڵینەوەیەکی سەربەخۆ، شەفاف و ئاشکرا سەبارەت بە ڕەهەندەکانی ئەم کارەساتە ئەنجام بدرێت.

دەبێت ڕوون بکرێتەوە ئوتوبووسەکە لە چ دۆخێکی تەکنیکیدا بووە، پەیمانکاری گواستنەوەکە کێ بووە و چ پابەندبوونێکی هەبووە، شۆفێرەکە چەند کاتژمێر کاری کردووە و ڕێگاکە لە چ بارودۆخێکدا بووە. دەبێت ڕوون بێتەوە بۆچی میکانیزمەکانی چاودێری ڕێگرییان لەم کارەساتە نەکردووە. نابێت ئەم لێکۆڵینەوەیە لە ژوورە داخراوەکان و لەلایەن هەمان ئەو دامودەزگایانەوە ئەنجام بدرێت کە خۆیان دەبێت وەڵامدەر بن، بەڵکوو دەبێت نوێنەرانی هەڵبژێردراوی کرێکاران تێیدا بەشدار بن و ئەنجامەکانیشی بەبێ کەمووکورتی و سانسۆر بخرێتە بەردەستی خەڵک. بەرپرسانی ئەم کارەساتە، لە پەیمانکارەوە تا بەڕێوەبەرانی کۆمپانیا و بەرپرسانی چاودێری، دەبێت بناسرێن و سزا بدرێن.
دووەم: دەبێت مافی بنەماڵەی گیانبەختکردووان دەستبەجێ و بە تەواوی دابین بکرێت. هیچ بڕە پارەیەک ناتوانێت جێگەی ئازیزانی لەدەستچوو پڕ بکاتەوە، بەڵام ئەو بنەماڵانەی سەرپەرشت یان سەرچاوەی داهاتی خۆیان لەدەستداوە، نابێت بە تەنیا جێبهێڵرێن و بۆ وەرگرتنی مافەکانیان لەم ئیدارە بۆ ئەو ئیدارە سەرگەردان بکرێن. پێدانی قەرەبووی تەواو، گەرەنتیکردنی کار و بژێویی کەسوکاریان، پاڵپشتیی تەندروستی و کۆمەڵایەتیی درێژخایەن و دابینکردنی داهاتووی منداڵانی گیانبەختکردووان، ئەرکی بێ ئەملاو ئەولای خاوەنکار و حکومەتە.
سێیەم: دەبێت سەرجەم تێچووەکانی چارەسەر، شیاندنەوە و ماوەی لەکارکەوتنی بریندارەکان بەبێ هیچ سنووردارکردن و دواکەوتنێک بدرێت. ئەو کرێکارەی لەسەر تەختی نەخۆشخانە لە ئاودانان یان دزفوول خەوێندراوە، نابێت خەمی هەزینەی چارەسەر یان کرێی خانوو و نانی بنەماڵەکەی هەبێت. ئەم زیانە خاوەنکار و دامودەزگا بەرپرسەکان دروستیان کردووە و هەر ئەوانیش دەبێت قەرەبووی بکەنەوە.
چوارەم: و لە هەمووی گرنگتر، دەبێت ڕێگری لە دووبارەبوونەوەی کارەساتی لەم شێوەیە بکرێت. کرێکارانی پیشەسازیی نەوت و گاز ساڵانێکە داوای ئامرازی گواستنەوەی ستاندارد، ئەمن و لەژێر چاودێریدا دەکەن. هەموو کارمەند و کرێکاران، چ فەرمی، چ گرێبەست و چ پەیمانکاری، دەبێت لە ئامرازی گواستنەوەی سەلامەت و گونجاو سوودمەند بن. جیاکاری لە نێوان کرێکاری فەرمی و پەیمانکاری لە مافی ژیاندا جێگەی قبووڵکردن نییە. قازانجی کۆمپانیاکان و پەیمانکاران هەرگیز نابێت بخرێتە پێش گیانی کرێکارانەوە.
بەڵام ئەزموونی چەندین ساڵە فێری کردووین کە ئەم داواکارییانە بە تکا و پاڕانەوە بەدەست نایەن. ئەو خاوەنکار و حکومەتەی ئەمڕۆ باس لە “ڕووداو” دەکەن، سبەینێش هەمان بێباکی و کەمتەرخەمی دووبارە دەکەنەوە، مەگەر ئەوەی کە لەگەڵ هێزی یەکگرتووی کرێکاران بەرەوڕوو ببنەوە. لە هەر کوێیەک کرێکاران توانیبێتیان نوێنەرانی ڕاستەقینەی خۆیان هەڵبژێرن و چاودێریی ڕاستەوخۆیان بەسەر بارودۆخی کار و ئەمنییەتی شوێنی کاردا هەبێت، توانیویانە بەرگری لە گیان و مافەکانی خۆیان بکەن. ئەمنییەتی شوێنی کار، ئەمنییەتی گواستنەوە و پاراستنی گیانی کرێکاران، تەنیا بە ڕێکخراوی سەربەخۆی کرێکاریی و میکانیزمە چاودێرییەکانی ژێر دەستی خودی کرێکاران دێتە دی.
یادی ئەمین، محەممەدڕەزا، سەعید، لوتفوڵڵا، ڕوحوڵڵا، فەریبورز، سەجاد، بەهرام، محەممەد، مووسا، ئەحمەد و ئەیووب بەرز ڕادەگرین. باشترین ڕێزگرتن لێیان ئەوەیە کە ڕێگە نەدەین ناوەکانیان لە پەروەندەیەکدا بە ناوی “ڕووداوی هاتوچۆ” ئەرشیڤ بکرێت. دەبێت کارێک بکەین کە مەرگیان ببێتە خاڵی دەستپێکی خەباتێکی یەکگرتووانە لەپێناو دەستەبەرکردنی کاری ئەمن، ژیانێکی شایستە و کۆتاییهێنان بە باڵادەستیی قازانج بەسەر گیانی مرۆڤدا.

کۆڵبەرنیوز

بابەتی پەیوەندیدار