ڕەحمان دانا، سالار شەمسی بورهان، ڕێبوار ڕەسووڵی، ئەیوب ڕەسووڵی، عوسمان (شوانە) جەهانیفەر، یوسف قال، ئارام مەبزوولە، زانیار سەیدحمەدی، سیامەند سەیدحمەدی، قادر خەرامانفەر، کەماڵ مەسعوودی و جەلال سەدەفی، ١٢ هاوڵاتی خەڵکی شاری مهاباد لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئەم شارەوە دەستگیر کراون و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراونەتەوە.
بە پێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، ئێوارەی ڕۆژی شەممە ٢٤ی سەرماوەزی ساڵی ١٤٠٣، هێزە ئەمنییەکانی شاری مهاباد هەڵیانکوتایە سەر ماڵی ڕەحمان دانا و سالار شەمسی بورهان، دوو هاوڵاتیی خەڵکی گوندی “کولیجە”ی سەر بە شاری مهاباد و دوای دەستبەسەرکردنیان بۆ شوێنێکی نادیار گواسترانەوە.
بە پێی ڕاپۆرتێکی دیکە، بەرەبەیانی ڕۆژی یەکشەممە ٢٥ی سەرماوەزی ساڵی ١٤٠٣، دوو برا بە ناوەکانی ڕێبوار ڕەسووڵی و ئەیوب ڕەسووڵی خەڵکی شاری مهاباد لە لایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سپای پاسدارانەوە لەم شارە دەستبەسەر کران. هاوکات هێزە ئەمنییەکان هەڵیانکوتایە سەر ماڵی عوسمان (شوانە)جەهانیفەر و ئەم هاوڵاتییەیان دەستگیر کرد.
لە هەمان کاتدا، ڕۆژی یەکشەممە ٢٥ی سەرماوەزی ساڵی ١٤٠٣، حەوت هاوڵاتیی دیکە بە ناوەکانی یوسف قال، ئارام مەبزوولە، زانیار سەیدحمەدی و سیامەند سەیدحمەدی خەڵکی گوندی “بەیرەم”ی سەر بە شاری مهاباد و هەروەها قادر خەرامانفەر، کەماڵ مەسعودی و جەلال سەدەفی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئەم شارەوە دەستبەسەر کران و ڕەوانەی شوێنێکی نادیار کران.
بە پێی ئەم ڕاپۆرته، هێزە ئەمنییەکان بە بێ فەرمانی دادگا ئەم هاوڵاتییانەیان دەستبەسەر کردووە. بە وتەی چەند سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەم ١٢ هاوڵاتییە بە مەبەستی لێپرسینەوە بۆ یەکێک لە دەستبەسەرگە ئەمنییەتییەکانی ورمێ ڕاگوێزراون.
تا کاتی نووسینی ئەم راپۆرتە، هیچ زانیارییەک لەسەر هۆکار و شوێنی دەستبەسەر کردن و ئەو تۆمەتانەی ئاراستەی ئەم هاوڵاتیانە کراون، لەبەر دەستدا نییە.