محەممەد عەبدی، کۆڵبەری خەڵکی گوندی «دزڵی»ی سەربە سەوڵاوا، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی هەنگی مەرزی بە سەختی برینداربوو.

بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، ڕۆژی سێشەممە ٢٥ خەرمانانی ١٤٠٤، هێزەکانی هەنگی مەرزی لە سنووری «ملەخور» لە گوندی «دزڵی»ی سەربە شاری سەوڵاوا، بە ئاڕاستەی کۆڵبەران تەقەیان کردووە و بەهۆیەوە کۆڵبەرێک بە سەختی برینداربووە. ناسنامەی ئەم کۆڵبەرە «محەممەد عەبدی» تەمەن ٣٧ ساڵ و خەڵکی گوندی «دزڵی»ی سەربە شاری سەوڵاوا بۆ کۆڵبەرنیوز ڕاگەیەندراوە. بەپێی ئەم ڕاپۆرتە محەممەد عەبدی لە لاق و کەمەر بە دوو گوللەی جەنگی تەقەی لێکراوە و بۆ نەخۆشخانەیەک لە سنە گواسترایەوە. دۆخی سەلامەتی ئەم کۆڵبەرە ناجێگیرە.
بەپێی ڕاپۆرتی تۆمارکراو لە کۆڵبەرنیوز، لە ساڵی ١٤٠٣دا، بە کۆی گشتی ١٨٣ لە ناوچە سنوورییەکان و ڕێگاکانی نێوان پارێزگاکانی ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، کوردستان و کرماشان بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ڕژیم، ڕنوو و سەرما، کەوتنەسەر مین، کەوتنەخوارەوە لە شاخ و بەرزایی و ڕووداوی دیکە کوژران و بریندار بوون. لەم هەژمارەدا ٥٢ کۆڵبەر واتە (٢٨٪) کوژران و ١٣١ کۆڵبەر واتە (٧٢٪) برینداربوون. لە کۆی گشتی ١٨٣ کۆڵبەر کە لە ساڵی ١٤٠٣دا کوژراو و بریندار بوون، ١٤٣ حاڵەتیان واتە (٧٨٪) بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە ئەمنییەکانی ڕژیم ئەنجام دراوە. لە کۆی گشتی ١٨٣ کۆڵبەر کە لە ساڵی ١٤٠٣دا کوژراو و بریندار بوون، ١١ کەسیان واتە (٦٪) منداڵانی کۆڵبەری ژێر ١٨ ساڵ بوون کە یەک لەوان بەهۆی سەرمابردووییەوە گیانی لەدەستداوە.