
عابد عەلیزادە، هاووڵاتیی خەڵکی تکاب و چالاکوانی ڕاگەیاندن، دوای ۱۳ ڕۆژ دەستبەسەرکران لە گرتووخانەیەکی ئیتلاعاتی سوپا لە ورمێ، بۆ زیندانی میاندواو گوازرایەوە. بۆ ئازادکردنی کاتیی ئەم هاووڵاتییە کوردەش بارمتەی ٤ ملیار تمەنی دیاری کراوە.
بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، ڕۆژی دووشەممە ۹ی خەرمانانی ١٤٠٥، عابد عەلیزادە دوای تێپەڕاندنی ۱۳ ڕۆژ لە گرتووخانەی سوپای پاسداران لە ورمێ، بۆ بەندی ۳ی زیندانی میاندواو گوازرایەوە. بەپێی زانیارییەکان، ناوبراو لە ماوەی دەستبەسەرکرانیدا ئەشکەنجەی جەستەیی و ئازار دراوە و بۆ ئازادکردنی کاتیی بارمتەی ٤ ملیار تمەنی لێ داوا کراوە.
عابد عەلیزادە ئێوارەی چوارشەممە ۲۸ی گەلاوێژی ١٤٠٥، لەلایەن هێزەکانی ڕژێم دەستبەسەر کرا و دوای گواستنەوەی بۆ شوێنێکی نادیار، لە گرتووخانەیەکی سوپا لە ورمێ ڕاگیرا.
ئەم چالاکوانەی ڕاگەیاندن لە تۆڕەکانی کۆمەڵایەتی سەبارەت بە پرسی کۆمەڵایەتی و داواکارییەکانی خەڵک چالاکیی هەبووە و پشتیوانی لە ناڕەزایەتییەکانی دژی گرانی، گیانبەختکردووانی بەفرانبار و هەروەها پاراستن و گەشەپێدانی زمان و فەرهەنگی کوردی کردووە. ناوبراو هەروەها لە بوارەکانی کوردناسیدا چالاکیی هەبووە.
بەپێی زانیارییەکان، عابد عەلیزادە لە ماوەی دەستبەسەرکرانیدا لە مافی پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەش کراوە.
تا کاتی ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە، زانیارییەکی ورد سەبارەت بە تۆمەتەکان و هۆکارەکانی فەرمیی دەستبەسەرکردنی ئەم هاووڵاتییە کوردە بڵاو نەکراوە. دەزگای ئەمنی و دادوەریی تا ئێستا هیچ ڕوونکردنەوەیەکیان لەم بارەیەوە نەداوە.

