
ئەمیر سوبحانی، هونەرمەندی خەڵکی جوانڕۆ، لەلایەن هێزەکانی ڕژیم دەستبەسەرکرا و بۆ زیندانی ناوەندیی کرماشان (دیزڵاوا) گوازرایەوە.
بەگوێرەی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، ڕۆژی دووشەممە ٢٨ی گوڵانی ١٤٠٥، هێزەکانی ڕژیم بەبێ پیشاندانی هیچ بڕیارێکی دادوەری، هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی باوکی «ئەمیر سوبحانی» لە شاری جوانڕۆ و دەستبەسەریان کردووە و بۆ شوێنێکی نادیاریان گواستووەتەوە.
بەپێی زانیارییە بەدەستگەیشتووەکان، ئەم هونەرمەندە دوای دەستبەسەرکرانی، بە دەرچوونی بڕیاری دەستبەسەرکردنی کاتیی ١٠ ڕۆژە، بۆ زیندانی ناوەندیی کرماشان، ناسراو بە دیزڵاوا، گوازراوەتەوە.
ئەمیر سوبحانی پێشتریش پێشینەی بانگهێشتکردن و دەستبەسەرکرانی لەلایەن دامەزراوەکانی ڕژیم هەبووە. سەرەڕای ئەمەش، تا کاتی ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە، هیچ زانیارییەکی ورد لەسەر هۆکارەکانی دەستبەسەرکردنی ئەمدواییە، لایەنی دەستبەسەرکەر و ئەو تۆمەتانەی ئاڕاستەی کراون، بڵاو نەکراوەتەوە.

