بۆکان؛ بەردەوامیی دەستبەسەرکردن و نادیاریی چارەنووسی محەممەد موعین‌پوور سەرەڕای پێدانی بارمتە

محەممەد موعین‌پوور، هاووڵاتیی خەڵکی بوکان، بە تێپەڕبوونی ٢٠ ڕۆژ بەسەر کاتی دەستبەسەرکردنیدا، هێشتا لە زیندانیی ناوەندیی ئەم شارەدا لە بارودۆخێکی نادیاردا ماوەتەوە. ڕاپۆرتەکان دەڵێن کە ناوبراو لە ماوەی دەستبەسەرکردنیدا کەوتووەتە ژێر گوشار و ئەشکەنجەی جەستەیی و ڕۆحی، و سەرەڕای بارمتەی پێنج ملیار تمەن، بەرپرسانی دادوەری ڕێگرییان لە ئازادکردنی کردووە.

بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، ڕۆژی دووشەممە ٢٥ گەلاوێژی ١٤٠٥، محەممەد موعین‌پوور، تەمەن ٣٧ ساڵ و خەڵکی بۆکان، لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپا دەستبەسەر کراوە و دوای گواستنەوەی بۆ زیندانیی ناوەندیی بۆکان، لە بەندی دووی ئەم زیندانە ڕاگیراوە.

بەپێی ڕاپۆرتەکان، ئەم هاووڵاتییە لە سەرەتادا بە تۆمەتی «پڕوپاگەندە دژی کۆماری ئیسلامی» ڕووبەڕوو بووەتەوە و لە بەردەوامیدا، تۆمەتی «کڕین و فرۆشتنی چەک» بۆ دۆسیەکەی زێدە کراوە.

دەوترێت بۆ ئازادکردنی کاتیی محەممەد موعین‌پوور بڕیاری بارمتە بە بڕی پێنج ملیار تمەن دیاری کراوە و بنەماڵەکەشی سەرکەوتوو بوون لە پێدانی بارمتەکە؛ بەڵام تا ئێستا ڕێگری لە ئازادکردنی ئەم هاووڵاتییە کراوە.

هەروەها سەرچاوەکانی ئاگادار لە بارودۆخی ناوبراو ڕایانگەیاندووە کە محەمەد موعین‌پوور لە ماوەی دەستبەسەرکردنیدا کەوتووەتە ژێر ئەشکەنجە و گوشاری جەستەیی و ڕۆحی و بارودۆخێکی گونجاوی نییە. ناوبراو هەروەها لە مافی پارێزەر و هەبوونی مافی بەرگریی کاریگەر بێبەش کراوە.

بە تێپەڕبوونی ٢٠ ڕۆژ بەسەر دەستبەسەرکردنی محەممەد موعین‌پووردا، هێشتا زانیارییەکی ورد دەربارەی بارودۆخی دادوەری و مەرجەکانی ڕاگرتنی لە بەردەستدا نییە و بەدواداچوونەکانی بنەماڵەکەی بۆ ئاگاداربوون لە بارودۆخی و ئازادکردنی تا ئێستا هیچ ئەنجامێکی نەبووە.

کۆڵبەرنیوز

Next Post

سێدارە، هەڵاواردنی جێکەوتوو و ناعەداڵەتی موتڵەق لە سیستەمی دادوەریی ئێراندا

ی سپتامبر 6 , 2026
لە مانگی ئاگۆستی ۲۰۲۶دا، ئێران یەکێک لە قورسترین شەپۆلەکانی لەسێدارەدانی لەچەند ساڵی ڕابردوودا ئەزموون کرد. بەپێی ڕاپۆرتی دامەزراوە سەربەخۆکانی مافی مرۆڤ، لەم مانگەدا لانیکەم ۸۲ کەس لەسێدارە دراون، لە کاتێکدا تەنیا بەشێکی کەمی ئەم سزایانە لەلایەن سەرچاوە فەرمییەکانەوە ڕاگەیەندراون. ئەم جیاوازییەی نێوان واقیعییەتی لەسێدارەدانەکان و بڵاوبوونەوەی زانیارییە فەرمییەکان، ئەوە دەردەخات […]

بابەتی پەیوەندیدار