
پاش تێپەڕبوونی ١٤ ڕۆژ بەسەر دەستبەسەرکرانی «شەهرام ئەمینی»، هاووڵاتیی خەڵکی مەریوان، هێشتا هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووس، شوێنی ڕاگرتن و دۆخی تەندروستیی ناوبراو لەبەردەستدا نییە؛ ئەم هاووڵاتییە لە پارێزەر، پەیوەندیی تەلەفۆنی و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەش کراوە.
بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، ڕۆژی چوارشەممە ١٦ی گوڵانی ١٤٠٥، «شەهرام ئەمینی» تەمەن ٥٢ ساڵ، لە کاتی گەڕانەوەی لە هەرێمی کوردستان و لە سنووری باشماخ لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوەتەوە.
بەپێی زانیارییەکان، دەستبەسەرکردنی ئەم هاووڵاتییە دوای سەفەرێکی بنەماڵەیی بۆ شاری سلێمانی لە هەرێمی کوردستان پێکهاتووە. ناوبراو لەگەڵ ئەندامانی بنەماڵەکەیدا بۆ ماوەی پێنج ڕۆژ بە مەبەستی دیدار لەگەڵ کوڕەکەیان بە ناوی «میلاد ئەمینی» سەردانی سلێمانییان کردبوو. میلاد ئەمینی لە کاتی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی «ژینا»دا بەهۆی چالاکیی سیاسی و فشاری دامەزراوەکانی ڕژیم، ناچار ببوو مەریوان بەجێبهێڵێت و لە ئێران بچێتە دەرەوە.
سەرەڕای سەردان و بەدواداچوونی بەردەوامی بنەماڵەی شەهرام ئەمینی، دامەزراوە ئەمنی و دادوەرییەکان تا ئێستا سەبارەت بە شوێنی ڕاگرتن، دۆخی تەندروستی و ئەو تۆمەتانەی ئاڕاستەی کراون، وەڵام نادەنەوە.

