مەنسوور ڕەحیمی، هاووڵاتی تەمەن ٣٤ ساڵ و خەڵکی شاری مەهاباد، پاش تێپەڕینی پێنج ڕۆژ لە دەستگیرکرانی، هێشتا چارەنووسی نادیارە.

بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، مەنسوور ڕەحیمی، چالاکیی کۆمەڵایەتی و وێنەگری شاری مەهاباد، ڕۆژی هەینی بیستی پووشپەڕی ١٤٠٤، بەهۆی هێرشی هێزەکانی ڕژیم بۆ ماڵی باوکی لە شاری مەهاباد، بەبێ بڕیاری دادوەر و بە توندوتیژی زۆر و لێدان و ئەشکەنجە دەستگیرکرا و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترایەوە. هێزەکانی ڕژیم لەم هێرشەدا، هەموو کەرەستەی ئەلیکترۆنی بنەماڵەکەی، وەکو تەلەفۆنەکان و لاپتۆپەکانیان بردووە.
سەرچاوەی نزیک لە بنەماڵەی ڕەحیمی ڕایانگەیاندووە لە کاتی دەستگیرکرانی تا ئێستا دۆخ و شوێنی مانەوەی ناوبراو نادیارە و چارەنووس و دۆخی ناوبراو بنەماڵەکەی نیگەران کردووە.
تا کاتی نووسینی ئەم ڕاپۆرتە، تۆمەتەکانی دژی ئەم هاووڵاتییە نادیارە.
شایانی باسە مەنسوور ڕەحیمی پێشتر لە نۆزدەی گوڵانی ١٤٠٤، بەهۆی پشتیوانی لە گردبوونەوەی جووتیارانی زیانمەند لە تەرزەبارین لە شاری مەهاباد، لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەم شارە بانگهێشت و هەڕەشەی لێکرابوو.

