
موحسین حوسێن پەنایی و جەلال خودامورادی، دوو هاووڵاتیی خەڵکی سنە کە ڕۆژی دووشەممە ٢٣ی خەرمانان لەلایەن هێزەکانی ڕژێم دەستبەسەر کرابوون، دوای چەند ڕۆژ دەستبەسەرکران، بە دانانی بارمتە بە کاتی ئازاد کران.
بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، ڕۆژی شەممە ٢٨ی خەرمانانی ١٤٠٥، موحسین حوسێنپەنایی تەمەن ٣٧ ساڵ و جەلال خودامورادیی تەمەن ٤٦ ساڵ، دوای چەند ڕۆژ لە دەستبەسەرکران بە دانانی بارمتە ئازاد کران. موحسین حوسێنپەنایی بە بارمتەی یەک ملیار تمەنی لە زیندانی سنە ئازاد کراوە.
ئەم دوو هاووڵاتییە ڕۆژی دووشەممە ٢٣ی خەرمانان، دوای ئەوەی بە تەلەفۆن لەلایەن ناوەندی ئەمنیی بۆ ئیدارەی ئەماکنی سنە بانگھێشت کرابوون، دەستبەسەر کران. بەپێی زانیارییەکان، لێیان داوا کرابوو بەڵێننامەی نووسراو سەبارەت بە بەشدارینەکردن لە مانگرتنی گشتیی واژۆ بکەن، بەڵام دوای سەردانیان بۆ ئیدارەی ئەماکن، هەردووکیان دەستبەسەر کران.
دەستبەسەرکرانیان لە سەروبەندی ڕۆژی چوارشەممە ٢٥ی خەرمانان و چوارەمین ساڵوەگەڕی گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی ڕوویدابوو. حیزبەکانی کوردستان پێشتر بە بڵاوکردنەوەی بانگەوازێک لە کاسبکاران و بازاڕییان داوایان کردبوو لەم ڕۆژەدا، وەک ناڕەزایەتییەک بەرامبەر بە سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی و بۆ ڕێزگرتن لە یادی گیانبەختکردووانی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ژینا، مانگرتنی گشتی ڕابگەیەنن.
جەلال خودامورادی، چالاکوانی مەدەنی و ئەندامی ئەنجومەنی ژینگەپارێزی و شاخەوانییە لە حەسەناوای سنە، و موحسین حوسێنپەناییش چالاکوانی بواری ژینگەیە.
تا کاتی ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە، هیچ زانیارییەکی ورد سەبارەت بە تۆمەتەکانی ئەم دوو هاووڵاتییە و ناوەڕۆکی دۆسیەی دادوەرییەکەیان بڵاو نەکراوە.

