
«ئەبوبەکر قادربۆکانی»، هاووڵاتییەکی تەمەن ٥٥ ساڵ و خەڵکی شاری بۆکان، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراوە و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوەتەوە. تا ئێستاش هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووسی ناوبراو لەبەردەستدا نییە.
بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، ڕۆژی چوارشەممە، ٢ی گوڵانی ١٤٠٥، ئەبوبەکر قادربۆکانی، هاووڵاتی خەڵکی شاری بۆکان، لە ئەنجامی هێرشی هێزەکانی ڕژیم بۆ سەر ماڵەکەی، بەبێ پیشاندانی هیچ جۆرە بڕیارێکی دادوەری دەستبەسەر کراوە و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترایەوە.
بەپێی زانیارییە گەیشتووەکان، سەرەڕای تێپەڕبوونی چەند ڕۆژ بەسەر دەستبەسەرکرانی ئەم هاووڵاتییەدا، بەدواداچوونی بنەماڵەکەی لە لایەنە ئەمنییەکان و ناوەندە دادوەرییەکانی بۆکان بێئاکام بووە. تا ئێستا هیچ وەڵامێکی ڕوون سەبارەت بە هۆکاری دەستبەسەرکران، تۆمەتەکانی دژی و شوێنی زیندانیی کرانی ناوبراو ڕانەگەیەندراوە.
