
«مەنسوور عەبدوڵڵازادە»، هاووڵاتیی تەمەن ٤١ ساڵ و خەڵکی گوندی «خەلیفان»ی سەر بە نەغەدە، بە دانانی بارمتە و بە شێوەیەکی کاتی لە بەندیخانەی ئەو شارە ئازاد کرا.
بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، ڕۆژی شەممە ٢٩ی خاکەلێوەی ١٤٠٥، مەنسوور عەبدوڵڵازادە دوای تێپەڕاندنی ماوەی دەستبەسەرکرانی، بە بڕیاری بارمتە لە بەندیخانەی نەغەدە ئازاد کرا. ئەم هاووڵاتییە پێشتر لە ڕۆژی چوارشەممە ١٩ی خاکەلێوەی ١٤٠٥، دوای کۆتایی هاتنی لێپرسینەوەکان، لە دەستبەسەرگەیەکی ئەمنییەوە بۆ بەندیخانەی ئەو شارە ڕاگوێزرابوو.
بەپێی زانیارییە بەدەستهاتووەکان، ناوبراو لە ماوەی دەستبەسەرکرانیدا لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر و هەروەها چاوپێککەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەش کرابوو. هێزە ئەمنییەکان لە ڕۆژی شەممە ٢٣ی ڕەشەممەی ١٤٠٤، بەبێ نیشاندانی حوکمی دادوەری، هەڵیانکوتایە سەر ماڵی ئەم هاووڵاتییە و دەستبەسەریان کرد و بۆ شوێنێکی نادیار ڕایانگوێستا.
ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە هێزە ئەمنییەکان لە کاتی دەستبەسەرکردنی ئەم هاووڵاتییەدا، وێڕای پشکنینی ماڵەکەی، دەرگا و پەنجەرەی ماڵەکەیان شکاندووە و مۆبایلەکەشیان زەوت کردووە.
مەنسوور عەبدوڵڵازادە خێزاندارە و باوکی دوو منداڵە؛ تا کاتی ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە، هیچ زانیارییەکی ڕوون سەبارەت بە هۆکارەکانی دەستبەسەرکردن و ئەو تۆمەتانەی ئاڕاستەی کراون، بڵاونەکراوەتەوە.

