
لەم ڕۆژانەدا کە ناوی “تەنگەی هورمز” سەرلەنوێ بۆتە سەردێڕی هەواڵەکان و هەڕەشەکانی کۆماری ئیسلامی سەبارەت بە “داخستنی تەنگەکە” دووپات دەبنەوە، ڕاستییەکی گرنگ لەژێر تەپوتۆزی هەراوھوریای سیاسیدا داپۆشراوە: ئەگەر تەنگەی هورمز دابخرێت، پێش هەموو کەسێک خودی کۆماری ئیسلامی ئێرانە کە زەبری بەرکەوێت، زەبرێکی قورستر، هەمەلایەنەتر و وێرانکەرتر لە هەر وڵاتێکی تری ناوچەکە.
ئەم حوکمە ڕەنگە لە یەکەم نیگادا سەیر بێتە بەرچاو. چەندین ساڵە کۆماری ئیسلامی “کاریگەری تەنگەی هورمز”ی وەک بەرگی بەرەندەی خۆی لە بەرامبەر ئەمریکا و وڵاتە عەرەبییەکاندا ناساندووە، ئامرازێک کە بڕیار بوو لە کاتی قەیراندا، ئابووری جیهانی بە بارمتە بگرێت. بەڵام ڕاستیی ئەمڕۆی ناوچەکە دەریدەخات کە ئەم ئامرازە، نەک هەر کارایی پێشووی نییە، بەڵکوو بووەتە ئامرازێک لەدژی خودی ئێران، ئامرازێکی کە هەر جارێک بەکار دەهێنرێت، پێش هەموو شتێک ئابووری ئێران دەباتە لێواری مایەپووچبوون.
شەوی هەینی، بەپێی ڕاپۆرتی ئاکسیۆس، ٤٠ نەوتهەڵگر لە ڕێڕەوی باشووری تەنگەی هورمز تێپەڕیون، ڕێڕەوێکی قووڵ و سەلامەت کە کەشتییەکان بەبێ ئەوەی نزیکی ئاوەکانی ئێران ببنەوە کەڵکی لێ وەردەگرن. لە هەمان شەودا، ١٦ ملیۆن بەرمیل نەوت لەم ڕێڕەوەوە دەرچووە. ئەمەش واتە تەنگەی هورمز، بە پێچەوانەی ئیدیعای فەرماندە سەربازییەکانی ئێران، بەڕووی جیهاندا نەبەستراوە. ڕەوتی هێنان و بردنی بەردەوامە، بازاڕی جیهانی هەناسە دەدات و هیچ کەس لە ناوچەکە تووشی پەککەوتنی هەناردەکردن نەبووە.
بەڵام لە هەمان کاتدا، سەرۆککۆماری ئێران دەڵێت کە هەناردەی نەوتی ئێران گەیشتووەتە سفر. هۆکارەکە ڕوونە: بەندەرەکانی ئێران لە ژێر گەمارۆی دەریایی ئەمریکادان و نەوتهەڵگەرە ایرانییەکان دەرفەتی دەرچوونیان نییە. پڕۆژەی گۆرە–جاسکیش کە بڕیار بوو ڕێڕەوێکی جێگرەوە بێت بۆ ئێران، نەک هەر بەتەواوی نەگەیشتووەتە قۆناغی کەڵک لێوەرگرتن، بەڵکوو تەنانەت ئەگەر تەواویش ببێت، بەهۆی گەمارۆی دەریاییەوە بەکردەوە هیچ کاریگەرییەکی نابێت. بە زمانێکی سادە: تەنگەی هورمز بۆ ئێران داخراوە، نەک لایەنەکانی تر.
لە کاتێکدا ئێران هێشتا پشت بە خارک و کەنداوی فارس دەبەستێت، وڵاتانی ناوچەکە بە خێراییەکی بەرچاو پشتبەستنی خۆیان بە تەنگەی هورمز کەم کردووەتەوە. عەرەبستانی سعوودی خاوەنی هێڵی گەورەی لولەی “پترۆلاینە”؛ لوولەیەکی کە ڕۆژانە بڕی پێنج ملیۆن بەرمیل نەوت دەگەیەنێتە بەندەری یەنبەع لە دەریای سوور. ئیماراتیش هێڵی لولەی حەبشان–فوجەیرەی دروستکردووە کە نەوت ڕاستەوخۆ دەگوازێتەوە بۆ دەریای عومان و فوجەیرە دەکاتە یەکێک لە گرنگترین پێگەکانی وزە لە دەرەوەی هورمز. عومان بە بوونی بەندەرەکانی دەقم، سەحار و سەلالە، لە واقیعدا لە دەرەوەی سنووری مەترسیدایە و تەنانەت لە سەردەمی قەیرانیشدا، ڕۆڵی ڕێڕەوێکی سەلامەت بۆ بازرگانی ناوچەیی دەگێڕێت. عێراقیش بە ڕێڕەوەکانی تورکیا و سووریا و هەروەها هەماهەنگی لەگەڵ ئێران بۆ تێپەڕبوونی نەوتهەڵگرەکانی لەبەشی لای ایرانی تەنگەکەوە، بە کردەوە لە گەمارۆی هورمز پارێزراوە. قەتەر لە هەناردەکردنی غازی شلدا زیانی پێدەگات، بەڵام نەک تا ئەو ڕادەیەی کە پێکهاتەی ئابوورییەکەی بخاتە مەترسییەوە. کووەیت ڕێڕەوی جێگرەوەی نییە، بەڵام بەهۆی توانایی کۆگاکردنەکەی، دەتوانێت شۆکە کورتماوەکان تێپەڕ بکات.
لەم نێوەندەدا، ئێران تەنها وڵاتێکە کە بە تەواوی لە پشت تەنگەکەوە گیری خواردووە. هیچ ڕێڕەوێکی جێگرەوەی کارپێکراوی نییە ژێرخانی سەرەکی هەناردەکردنەکەی لە خارک و کەنداوی فارسدایە، بەندەرەکانی گەمارۆ دراون و هەناردەکردنی لە سەردەمی قەیراندا گەیشتووەتە سفر. لە ڕاستیدا، ئێران تەنها وڵاتێکە کە بە داخستنی هورمز، بە تەواوی لە بازاڕی جیهانی دادەبڕێت.
ئەمریکا لە هەر کەسێک باشتر دەزانێت کە هەڕەشەکانی ئێران سەبارەت بە “داخستنی تەنگەکە” زیاتر نمایشێکی سیاسییە نەک ئامرازێکی ڕاستەقینەی گوشار. بازاڕی جیهانی نەوت ڕێڕەوی جێگرەوەی هەیە، عەرەبستان و ئیمارات بەشێکی زۆر لە پێویستی خۆیان بە هەناردەکردن لە گەرووی هورمز کەم کردووەتەوە، عومان بنەڕەتەن لە دەرەوەی تەنگەی هورمزەدایە و عێراقیش ڕێڕەوی جۆراوجۆری هەیە و تەنها وڵاتێکی کە بە داخستنی تەنگەکە تووشی پەککەوتن دەبێت، ئێرانە. هەر بۆیە، واشنگتۆن دەزانێت کە ئەم هەڕەشەیە کارایی درێژخایەنی نییە. کارتی هورمز، کە ڕۆژێک بەرگی بەردندەی تاران بوو، ئێستا بووەتە کارتێکی گوشار لەدژی خودی ئێران.
ئەگەر ڕۆژێک تەنگەی هورمز بەڕاستی دابخرێت، ئابووری جیهان زیانی پێدەگات، بەڵام لە ئاستێکی کۆنتڕۆڵکراودا. وڵاتانی ناوچەکە ڕێڕەوی جێگرەوەیان دروستکردووە، ژێرخانی نوێیان پێکهێناوە و پشتبەستنی خۆیان بەو ڕێڕەوە کەم کردووەتەوە.
بەڵام ئێران هێشتا لە پشت تەنگەکەوە گیری خواردووە، لە گەمارۆی دەریاییدا، بەبێ ڕێڕەوی جێگرەوە، بەبێ توانای کۆگاکردنێکی ئەوتۆ و بە ئابوورییەکی کە لە هەموو کاتێک زیاتر پشت بە هەناردەی نەوت دەبەستێت. هەر بۆیە دەکرێت بگوترێت: ڕژێمی ئێران پێش هەموو کەسێک، تەنگەی هورمزی بە ڕووی ئابووری خۆیدا داخستووە و ئەمەش ئەو ڕاستییەیە کە ئەمریکا لە هەر کەسێک باشتر دەزانێت.

