چیاکۆ ڕەزایی، وەرزشکاری خەڵکی سنە، پاش زیاتر لە سێ مانگ دەستبەسەرکران لە گرتووخانەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەم شارە و لەکاتێکدا لەماوەی زینداندا تووشی کەمبوونەوەی زۆری کێشی جەستەی بوو، بە کەفالەتی ملیارێک تمەن ئازادکرا.

بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، ڕۆژی پێنجشەممە چواری بەفرانباری ١٤٠٤، چیاکۆ ڕەزایی، وەرزشکاری خەڵکی سنە، پاش ١١٠ ڕۆژ دەستبەسەرکران بە کەفالەتی ملیارێک تمەن لە گرتووخانەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە ئازادکرا. بەپێی زانیارییەکان، چیاکۆ ڕەزایی لە ماوەی دەستبەسەریدا و زیندانیی ماوەدرێژدا لە ژووری تاکەکەسی، نزیکەی ٢٥ کیلۆ کێشی جەستەی کەمیکردووە و نیگەرانی جددی لە دۆخی سەلامەتی جەستەیی و دەروونی ناوبراو دروستکردووە.
ئازادیی ئەم وەرزشکارە لەکاتێکدایە کە دەستبەسەریی ناوبراو پێشتر بۆ چوارەمین جار نوێکرابووەوە و ئەم نوێکردنەوانە بەبێ ڕوونکردنەوەی دیار و بەڵگەی یاسایی بووە و ناڕوونی جددی لەبارەی دۆسیەی ناوبراو دروستکردبوو.
زانیارییەکان نیشاندەرن کە دەستبەسەرکرانی چیاکۆ ڕەزایی کە لە سەرەتادا لە دەی سەرماوەزی ١٤٠٤، بڕواپێکراوبوو، پاش کۆتایی ئەم مۆڵەتە نەک تەنیا ناوبراو ئازادنەکرا، بەڵکو بەبێ ڕاگەیاندنی هۆکارەکانی یاسایی، دووبارە تا بیستی بەفرانباری ١٤٠٤ نوێکرابوویەوە.
هەروەها پێشتر بۆ ئازادیی ئەم وەرزشکارە کەفالەتی ملیارێک تمەن دەرچووبوو، بەڵام سەرەڕای دەرچوونی ئەم بڕیارەی دادوەری، ناوبراو تا کاتی ئازادیی هێشتا زیندانیی بوو.
چیاکۆ ڕەزایی، لە چواردەی خەرمانانی ١٤٠٤، بەبێ بڕیاری دادوەر لەلایەن هێزەکانی ڕژیم دەستبەسەرکرا و دواتر بۆ ژووری تاکەکەسی گرتووخانەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە گواسترابوویەوە و لە ماوەی دەستبەسەریدا لە بینینی پارێزەر، پێوەندی تەلەفۆنی و بینینی بنەماڵەکەی بێبەشبووە.

