«ماهان ڕۆستەمی»، گەنجی ٢١ ساڵەی کوردی یارسان و خەڵکی ناوچەی «گۆران»ی داڵاهۆ لە پارێزگای کرماشان، گیانبەختکردوویەکی دیکەی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکانە لە ناوچەی «دەوڵەت ئاوا» لە کرماشان.

بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، ڕۆژی پێنجشەممە ١٨ی بەفرانباری ١٤٠٤، ماهان ڕۆستەمی، گەنجی ٢١ ساڵەی کوردی یارسان و خەڵکی ناوچەی «گۆران»ی داڵاهۆ لە ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکانی ناوچەی «دەوڵەت ئاوا» لە کرماشان بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ڕژیمی ئێران لە «دڵ»ی دا کرایە ئامانج و گیانی لەدەستدا. پاش گیانبەختکردنی ناوبراو، بنەماڵەی ناوبراو بۆ چەندین ڕۆژ لە تەرمەکەی بێئاگا بوون تا دواتر تەرمی ئەم گەنجە ٢١ ساڵە ڕادەستی بنەماڵەکەی کرایەوە و دواتر لە ئارامگەی گوندی «تەختەگای سەفیار سوڵتان» بەخاک سپێردرا.
تاکاتی نووسینی ئەم ڕاپۆرتە، هێشتا ڕوون نییە کە بۆ ڕادەستکردنی تەرمی ئەم گیانبەختکردووە پارە لە بنەماڵەکەی وەرگیراوە یان ناچار بوون بەڵێننامەیەکی نووسراو واژۆ بکەن. سەرەڕای ئەمەش، پێشتر سەرچاوە ناوخۆییەکان بە کۆڵبەرنیوزیان ڕایانگەیاندبوو کە لە حاڵەتی هاوشێوەدا، ناوەندەکانی ڕژیم بۆ ڕادەستکردنی تەرمی گیانبەختکردووانی کرماشان، لەنێوان ٧٠٠ ملیۆن تا یەک ملیارد تمەن لە بنەماڵەکان وەرگیراون؛ بابەتێک کە لە بەشێکی حاڵەتەکاندا، بنەماڵەکان بۆ ڕادەستکردنی تەرمەکانیان ناچارن ئەم پارەیە بدەن.

