دوو چالاکوانیی ژینگەیی خەڵکی سنە، ڕامین ساڵحی و سەباح ساڵحی، لەلایەن هێزەکانی ڕژیم بە توندوتیژی دەستبەسەرکران و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترانەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، ڕۆژی شەممە شەشی بەفرانباری ١٤٠٤، لە کاتژمێر ٣٠؛١١، ڕامین ساڵحی، چالاکوانیی مەدەنی و ژینگەیی خەڵکی سنە و ئەندامی کۆمەڵەی شاخەوانی «قەڵای حەسەن ئاوا»، لە شوێنی کارەکەی بە هێرشی هێزەکانی ڕژیم دەستبەسەرکرا. هێزەکانی ڕژیم بە چەندین ئۆتۆمبێلی ئەمنی ڕۆیشتنە شوێنی کاری ئەم هاوڵاتییە و بەبێ بڕیاری دادوەر، ناوبراو بە توندوتیژی دەستبەسەرکراوە. لەم دەستبەسەرییەدا، ڕەفتاری سووکایەتی و بێڕێزی بە گیانبەختکردووانی ژینگەیی کوردستان کراوە. ڕامین ساڵحی، پاش دەستبەسەریی بۆ شوێنێکی نادیار گواسترایەوە.
لە بەردەوامی هەمان ڕۆژدا و لە کاتژمێر ١٢، سەباح ساڵحی، چالاکوانیی ژینگەیی خەڵکی سنە، لە باخەکەیدا لەلایەن هێزەکانی ڕژیم دەستبەسەرکرا. ئەم بڕیارە بەبێ بڕیاری دادوەر بە دەستبەند و چاوبەند و بە توندوتیژی هێزەکانی ڕژیم دەستبەسەرکرا و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترایەوە.
ڕامین ساڵحی و سەباح ساڵحی ئامۆزای یەکترن.
تاکاتی نووسینی ئەم ڕاپۆرتە، هۆکارەکانی دەستبەسەریی، شوێنی زیندانیی و دۆخی ئەم دوو هاوڵاتییە نادیارە و ناوەندەکانی ئەمنی و دادوەری لەمبارەوە ڕوونکردنەوە نادەن.

