وادەی دەستبەسەرکرانی محەممەد پەروازە، هاووڵاتی بەندکراو لە گرتووخانەی ئیدارەی ئیتلاعاتی مەریوان، بۆ ماوەی مانگێکی دیکە درێژکراوەتەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، وادەی دەستبەسەرکرانی محەممەد پەروازە بۆ ماوەی مانگێکی دیکە درێژکراوەتەوە. ئەم کردەیەی دادوەری لەلایەن لقێکی لێپرسراوی دادگای گشتی و شۆڕشی شاری مەریوان ئەنجامدراوە. بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، محەممەد پەروازە لە بینینی پارێزەر و بنەماڵەکەی بێبەش بووە.
محەممەد پەروازە لە یەکی گەلاوێژی ١٤٠٤، لەلایەن هێزەکانی ڕژیم بەبێ بڕیاری دادوەر لە گوندی «نەی» دەستبەسەرکرا و بۆ گرتووخانەی ئیدارەی ئیتلاعاتی مەریوان گواستراوەتەوە.
تا کاتی نووسینی ئەم ڕاپۆرتە هۆکارەکانی دەستبەسەرکران و تۆمەتەکانی دژی محەممەد پەروازە نادیارە.
محەممەد پەروازە، خێزاندارە و باوکی سێ منداڵە و خەڵکی گوندی «نەی»ی سەربە شاری مەریوانە. ناوبراو پێشتر بەهۆی چالاکییەکانیەوە، سزادان و بەرخوردی دادوەری هەبووە.

