ئازادی ڕادەربڕین دیلی دەستی سەرمایە؛ وتەیەک بە بۆنەی ڕۆژی جیهانی ڕاگەیاندن

ڕۆژی شەممە ١٣ی گوڵان، بەرامبەر بە ٣ی ئایاری ٢٠٢٥، لە ڕۆژژمێری نەتەوە یەکگرتووەکاندا ڕۆژی ئازادی چاپەمەنی بوو. ئەم ڕۆژە دیسامبری ساڵی ١٩٩٣ لەلایەن کۆبوونەوەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان و بەپێی ڕاسپاردەی کۆنفڕانسی گشتی یونسکۆ ڕاگەیەندرا. ڕۆژی جیهانیی ئازادی ڕاگەیاندنی ٢٠٢٥ لەسەر ئازادی ڕاگەیاندن، ڕەوتی ئازادی زانیاری، سەربەخۆیی میدیاکان و ئامانجی جیهانی دەستڕگەیشتن بە زانیاری و پشتگیری لە ئازادییە بنەڕەتییەکان جەخت دەکاتەوە. پشتگیری لە ئازادییە بنەڕەتییەکانی ناو میدیاکان و لەوانەش تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی هێڵی فەرمی، ڕۆژ بە ڕۆژ دژوارتر دەبێت. میدیاکان یەکێکن لە سەرەکیترین داڕێژەرانی ڕای گشتی و چینایەتیترین ئامرازی کاریگەرین لەناو خەڵکدا. چینە داراکان هەمیشە لە میدیا جۆراوجۆرەکان کەڵکیان وەرگرتووە و بە سوودوەرگرتن لە پارە، خاوەندارێتی میدیاکان، ئایین، داب و نەریت، فەرهەنگ، فێرکردن و هەروەها سەرکوتی دڕندانە، هەوڵیان داوە چینە بەرهەمهێنەر، ستەملێکراو و پێشڕەوەکانیان، لە هەموو جۆرەکانی ئازادی و لەوانە ئازادی ڕاگەیاندن بێبەش بکەن. ئەم ڕاستییە لە سەردەمی گەشەی سیستەمی سەرمایەداریدا ئاشکراتر لە هەر کاتێکی تر خۆی دەردەخات. لەم سەردەمەدا میدیاکان لە شێوازی نووسراو و دەنگ و ڕەنگدا زۆر فرەچەشن بوون و زیاتر لە ڕابردوو خەسڵەتی چینایەتی خۆیان دەرخستووە.

میدیا گشتییەکان لەوانە ڕۆژنامەکان، گۆڤارەکان، سینەما، شانۆ، وێنەگرتن، کتێب، مۆسیقا، ڕادیۆ و تەلەفزیۆن و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی کە لە هێڵی فەرمیدا کار دەکەن، بە شێوەیەکی ئاشکرا یان شاراوە و لە بنەڕەتدا دیفاع دەکەن لە خاوەندارێتی تایبەتی بۆرژوازی، لە دەوڵەتی بۆرژوازی، ئایدیۆلۆژیای بۆرژوازی و سەرجەم خوڕافاتە بنەڕەتییەکانی بورژوای. ئەوان هاوکات زمانحاڵی کێبڕکێی بەشە جیاوازەکانی بۆرژوازین. میدیا بۆرژوازی و ئیمپریالیستییەکان کە زۆربەی کات لە وڵاتانی گەشەسەندووی سەرمایەداریدا سەربەخۆن لە کابینەکان، بەڵام نەک هەر لە دەوڵەتی بۆرژوازی بە مانای گشتی وشە، سەربەخۆ نین، بەڵکوو بە تەواوی لە خزمەتیدان. میدیاکانی هێڵی فەرمی لە وڵاتەکانی لە حاڵی گەشەسەندنی وەک کۆماری ئیسلامی، ڕاستەوخۆ لەلایەن دەزگا دەوڵەتییەکان و لە ڕێگەی دیکتاتۆرییەتی ئاشکراوە خراونەتە ژێر کۆنترۆڵی چینی دەسەڵاتدار و دەوڵەتی خزمەتکاریان. 

ئەم لایەنەی دوایی بە مەیداندارێتی فەرمی سوپەر ملیاردێرەکانی وەک ترامپ، ئیلان ماسک و خاوەنەکانی فەیسبووک و ئامازۆن لە پەنای ملیاردێرەکانی وەک مایکڵ بلوومبێرگ کە لانیکەم خاوەنی زیاتر لە ٤٥ ملیارد دۆلار سامانە و هەروەها ڕابێرت مەردۆک کە خۆی و بنەماڵەکەی لە پێنج وڵات خاوەنی ١٢٠ ڕۆژنامەن، ئاشکراتر بووە. تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان وەک بەشێکی گەورە لە میدیا جەماوەرییەکان ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر کاریگەری و دەسەڵاتی خۆیان پەرەپێدەن. ئەمڕۆ نیوەی دانیشتوانی جیهان لانیکەم یەک هەژماری تۆڕی کۆمەڵایەتییان هەیە. فەیسبووک ٢ ملیارد و شەش سەد ملیۆن بەکارهێنەر، یوتیوب ٢ ملیارد، ئینستاگرام یەک ملیارد و سەد ملیۆن و هەروەها تویتەر ٣٢٦ ملیۆن بەکارهێنەری هەیە. ئەم پلاتفۆرمانە بەم پەرەسەندنە، دەسەڵاتێکی زۆریان بەسەر ئازادی ڕادەربڕیندا بەدەست هێناوە. ڕاپرسییەکان نیشان دەدەن کە ٥٠٪ی گەورەسالان لەبری ڕۆژنامە و تەلەویزیۆن، هەواڵەکان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە وەردەگرن. تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەیانتوانی ئامرازێکی بەهێز بن بۆ بەشداری گشتی و ئازادی ڕادەربڕین، بەڵام خاوەندارێتی تایبەت و ستەم و سەرەڕۆیی، ڕێگر بوون لەبەردەم ئەم بابەتە. هەنگاو بە هەنگاو لەگەڵ بەرەو ڕاست چوونی زیاتری حکوومەتەکان، سنووردارکردنی ئازادی میدیاکان و لەو ڕێگەیەشەوە ئازادی ڕادەربڕین پەرەی سەندووە. ئەو سنووردارکردنانەی کە دەوڵەتەکان بەسەر ئازادی ڕادەربڕین و میدیاکانی جیهانی گەشەسەندوودا سەپاندوویانە، لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیدا بێسنوورە. 

ئەم ڕژێمە سەرمایەداری و ئیسلامییە بەجۆرێک لە سنووردارکردن و سانسۆر کەڵکی وەرگرتووە کە بە وتەی کانوونی نووسەران “تیراژی کتێبی لە کۆمەڵگەیەکی هەشتا و پێنج ملیۆنیدا گەیاندە ٢٠٠ دانە، شانۆی بە تەواوی لە گۆڕەپان دوورخستەوە، سینەمای فەرمی بێ بایەخ کرد، ئامێرە مۆسیقییەکانی شاردەوە، زۆرێک لە هونەرمەندانی ناچار بە چوونەدەرەوە لە وڵات کرد یان پەراوێزی خستن، ئاشکراکردن و ڕاپۆرتی ڕاستییەکانی کۆمەڵگەی وەک پیلانی ڕۆژنامەنووس و ڕاگەیاندنکار و وێنەگر نیشان دا.” میدیا دەنگ و ڕەنگ و نووسراوەکانی ئەم ڕژێمە درۆزن و چەواشەکارە، کەوتوونەتە بەر قووڵترین نەفرەت و بێزاری هاووڵاتیان. ئەم واقییعەتە لەو کاتەوە کە بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی “ژن، ژیان، ئازادی” دەستی پێکردووە ئاشکراتر بووە.

لە بەرامبەر میدیاکانی هێڵی فەرمیدا، میدیا سەربەخۆکان هەن کە هی ژنانی ئازادیخواز، ئازادیخوازان بە گشتی و دژبەرانی سەرمایە و سۆسیالیستەکانن. ئەم میدیایانەن کە ڕاستییەکان دەردەخەن، نەهامەتییەکانی سیستەمی قەیرانلێدراوی سەرمایەداری بەیان دەکەن و بەدیلەکەی واتە سۆسیالیزم بەرجەستە دەکەنەوە. ئەمانە بەم هۆیەوە لەلایەن دەوڵەتەکان و خاوەنکار و بەتایبەتی خاوەنانی میدیا فەرمییەکانەوە لە وڵاتانی گەشەسەندوو لەژێر زۆرترین هێرشدان و لە دەوڵەتەکانی وەک کۆماری ئیسلامیدا بەتەواوی قەدەغەن. مەودای ئازادی ڕادەربڕین وەک باقی مافە دێموکراتییەکان بەندە بە ڕادەی هێزی چینی کرێکار و لاوازی دەوڵەتە بۆرژواکان.

کۆڵبەرنیوز

Next Post

بۆکان؛ دەستبەسەرکرانی هاووڵاتییەک لەلایەن هێزە ئەمنییەکان

ی مه 4 , 2025
ئیبراهیم مەردانی، هاووڵاتی شاری بۆکان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئەم شارەوە دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترایەوە. بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، ڕۆژی شەمە سێزدەی گوڵانی ١٤٠٤، هاووڵاتییەک لە شاری بۆکان دەستبەسەرکرا. ناسنامەی ناوبراو، ئیبراهیم مەردانی، هاووڵاتی شاری بۆکان ڕاگەیەندراوە. بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، ئیبراهیم مەردانی بەهۆی ئامادەبوونی میوانەکان بە «پۆشینی جلی کوردی» لە […]

You May Like