حەوت هاوڵاتی لە پارێزگای کوردستان، لەنێویاندا «کاویس عەبدوڵڵائەقدەم»، بە تۆمەتی ئەمنی بە لەسێدارەدان و دە ساڵ زیندان سزادراون؛ سزایەک کە بەگوتەی سەرچاوەکانی ئاگادار پاش دەستبەسەرکردنی ئەشکەنجەدان دەرچووە.

بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، ڕۆژی شەممە سێی خەزەڵوەری ١٤٠٤، سزای زیندانی شەش هاوڵاتی خەڵکی شاری مەهاباد دەرچووە. بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، یوسف مام قادری، هێمن مام قادری، سالار بایەزیدی ئازەر، مەنسوور کەربەلایی، حەسەن مامیل ئازەر و سالار سەیدڕەحیمی، لەلایەن لقی یەکی دادگای شۆڕشی مەهاباد بە سەرۆکایەتی دادوەر ئەحەد سەیامی، هەر یەکێک بە ١٠ ساڵ زیندان و ڕۆژێک سزادران. ئەم سزایانە بە تۆمەتەکانی وەکو «دژایەتی ئاسایشی نەتەوەیی و ئەندامێتی لە حیزبێکی دژبەری حکوومەتی ئێران» دژی ئەم هاوڵاتیانە دەرچووە.
شایانی باسە، ئەم دۆسیەیە کە سزای لەسێدارەدانی نائامادەبوونی بۆ تاوانبارێک بەناوی «کاویس عەبدوڵڵازادە ئەقدەم» بە تۆمەتی «بەغی» دەرچووە. ناوبراو پاش ئازادیی کاتی، ئێرانی بەجێهێشتووە و ڕوونکردنەوەی زیاتر لە دادگایی ناوبراو لەبەردەستدا نییە.
یوسف مام قادری و هێمن مام قادری، هەردوو دانیشتووی شاری بۆکان، سالار بایەزیدی ئازەر، دانیشتووی مەهاباد، مەنسوور کەربەلایی، حەسەن مامیل ئازەر و سالار سەیدڕەحیمی، هەرسێیان دانیشتووی میاندواو لە ڕۆژانی چوار بۆ نۆی پووشپەڕی ١٤٠١ لەلایەن هێزەکانی ڕژیم دەستبەسەرکران.
ئەم هاوڵاتیانە پاش دەستبەسەرکران بۆ لێپرسینەوەیان بۆ گرتووخانەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ گواسترانەوە و بە کۆتاییهاتنی لێپرسینەوەیان بۆ زیندانیی بۆکان گواسترانەوە. ئەوان پاش ماوەیەک بە کەفالەت لە زیندان ئازادکران.

