بە تێپەڕینی سێ هەفتە لە دەستبەسەرکرانیی ئیسماعیل سەیدمەحموودیان، هاوڵاتی خەڵکی شنۆ، بنەماڵەی ناوبراو ئاگادارنین لە دۆخ و شوێنی زیندانیی ناوبراو و لەبارەی چارەنووسی ئەم هاوڵاتییەوە نیگەرانیی زیادیکردووە.

بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، ئیسماعیل سەیدمەحموودیان، هاوڵاتی تەمەن ٤٥ ساڵ، کارمەندی کارگێڕی کشتوکاڵی و خەڵکی شاری شنۆ، بە تێپەڕینی ٢١ ڕۆژ لە دەستبەسەرکرانیی، هێشتا لە بینینی پارێزەر، بینینی بنەماڵە و پێوەندی تەلەفۆنی لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەشبووە. بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، ئەم هاوڵاتییە بۆ لێپرسینەوە بۆ گرتووخانەیەکیی ئەمنی شاری ورمێ گواسترایەوە.
هەروەها بەدواداچوونی بنەماڵەی ئیسماعیل سەیدمەحموودیان لەبارەی دۆخ و شوێنی زیندانیی ناوبراو هێشتا بێئەنجامە و ناوەندەکانیی ئەمنی و دادوەری لەمبارەوە وەڵام نادەنەوە.
ئیسماعیل سەیدمەحموودیان، ئێوارەی چووارشەممە دوازدەی سەرماوەزی ١٤٠٤، لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات لە پارکی گەشتیاری شنۆ و لەلای ئەندامانی بنەماڵەکەی، بەبێ بڕیاری دادوەر و بە توندوتیژی دەستبەسەرکراوە.

