مانگرتنی کرێکاریی پشتی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی دەشکێنێت

یەکەم: ڕاپۆرتە مەیدانییەکان

بیست ڕۆژ بەسەر دەستپێکردنەوەی ناڕەزایەتییە دژە حکوومەتییەکان لە ئێران تێدەپەڕێت و لە کاتێکدا کە پچڕانی ئینتەرنێتی سەرتاسەری هەروا بەردەوامە، هەندێک هەواڵی ناخ هەژێن سەبارەت بە سەرکوتی توندوتیژانەی ئەو ناڕەزایەتیانە بەدەست دەگات. ئەو ڕاپۆرتانەی لە کەناڵە جۆراوجۆرەکانەوە دەست دەکەون، تا ڕادەیەک ڕەهەندە بەربڵاوەکانی سەرکوت و کوشتاری سیستماتیکی خۆپیشاندەران لە سەرانسەری ئێران ئاشکرا دەکەن. تا پێش لە پچڕانی ئینتەرنێتی سەرتاسەری، لە ئێوارەی ڕۆژی پێنجشەممە ١٨ی بەفرانبار، ناڕەزایەتییەکان لە هەموو پارێزگاکانی وڵات و نزیکەی ٢٠٠ شاری ئێران بەردەوام بوون. بەگوێرەی زانیارییەکان، لە ١٨ی بەفرانبار بەملاوە سەرەڕای سەرکوتی توند، ناڕەزایەتییەکان لە زۆرێک لە شارەکان بەردەوام بووە. ڕۆژی ١٨ی بەفرانبار، هاوکات لەگەڵ ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان لە سەرانسەری ئێران، بە بانگەوازی حیزب و لایەنە سیاسییەکانی چالاک لە کوردستان، مانگرتنێکی سیاسی گشتیی لە ٥٠ شار و شارۆچکەی کوردستان بەڕێوەچوو. ئەو مانگرتنە شکۆدار و سەرکەوتووانە لە هەمان کاتدا ئەزموونی بەکارهێنانی تاکتیک و شێوازە جۆراوجۆرەکانی خەباتی بەمەبەستی بەردەوامبوونی ئەم بزووتنەوەیە و پووچەڵکردنەوەی هێزی سەرکوتگەری دوژمن، سەرلەنوێ خستەوە ناو بەرنامەی کار.

پچڕانی ئینتەرنێت کە لە ئێوارەی ١٨ی بەفرانبارەوە دەستی پێکرد، هێشتا بەردەوامە. بەپێی ڕاپۆرتی نێتبلاکس کە بەدواداچوون بۆ دۆخی ئینتەرنێت لە جیهاندا دەکات، لە بەیانی ١٩ی بەفرانبارەوە، ٩٩ لەسەدی ئینتەرنێتی ئێران کەوتووەتە دۆخی خامۆشیی دیجیتاڵییەوە. تەنها کۆمەڵێکی کەم لە هاووڵاتیان لە ڕێگەی سیستەمی خزمەتگوزاری ئینتەرنێتی مانگی دەستکردی ستارلینکەوە دەستیان بە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ڕادەگات، هەرچەندە بەگوێرەی زۆرێک لە ڕاپۆرتەکان هێزەکانی ڕێژیم هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵەکان و دەستیان بەسەر دیشی ماهوارەکانیاندا گرتووە. گەلێک بەڵگەی زیندوو لەسەر بەکارهێنانی چەکی قورسی وەک دۆشکا و تیربار لەلایەن هێزە سەرکوتگەرەکانی حکوومەت لە کاتی هێرش بۆسەر ناڕازییان و کوشتاری بەکۆمەڵی خۆپیشاندەران لە ڕۆژەکانی نێوان ١٨ بۆ ٢١ی بەفرانبار لەبەردەستدایە. لە چەند ناوچەیەکی تاران لەوانە تارانپارس، سادقییە و چەند ناوچەیەک لە کەرەج سەر بە پارێزگای ئەلبورزیش، چەکی قورسی وەک دۆشکا لە دژی خۆپیشاندەران بە کار هێنراوە. لە ڕۆژئاوای وڵاتیش لە شارەکانی جوانڕۆ، مەهاباد و پیرانشار چەکی قورس بەکارهاتووە. ئەو وێنانەی لە مەشهەدەوە بڵاوکراونەتەوە دەریدەخەن کە ڕۆژی ٢١ی بەفرانبار، لە سەر باڵەخانەکانەوە بە چەکی قورس تەقە لە خۆپیشاندەران کراوە. هەروەها ئەو وێنانەی سەبارەت بە شاری تونیکابۆن لە مازەندەران بڵاوکراونەتەوە، ئاماژەن بۆ بوونی هێزێکی نیزامی زۆر بە چەکی قورسەوە لەناو ئەو شارە و مانۆڕ و هاتوچۆیان بەناو شەقامەکاندا.

ئێوارەی ڕۆژی ١٩ی بەفرانبار لە کاتێکدا دەستەیەک لە ناڕازییان لە مەیدانی پوونەک لە تاران سەمای کوردییان دەکرد، تەقەیان لێکرا و ژمارەیەکیشیان کوژران. بە پێی ئەم هەواڵانە، سیاوەش شێرزاد، خەڵکی بۆکان، یەکێکە لەو گیانبەختکردوانە. بەڵگەکان ئەوە دەردەخەن کە زۆرێک لە گیانبەختکردوان لە پشتەوە کراونەتە ئامانج. مەحموود ئەمیری موقەدەم، بەڕێوەبەری ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران، دەڵێت: ئەو چیرۆکە ترسناکانەی شایەتحاڵەکان سەبارەت بە تەقەکردن لە خۆپیشاندەران لە کاتی ڕاکردن و بەکارهێنانی چەکوچۆڵی شەڕ و ئێعدامی بریندارەکان لەسەر شەقامەکان، دەیگێڕنەوە، هەموویان ئاماژەن بۆ ئەنجامدانی تاوانێکی پلان بۆ داڕێژراو و بەربڵاو بە ئامانجی کوشتنی زۆرترین کەس. بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان، لەگەڵ تۆمارکردنی ناوەکان، لە سەرەتای دەستپێکردنی خۆپیشاندانەکانەوە، لانیکەم سێ هەزار و ٤٢٨ خۆپیشاندەر کوژراون و هەزاران کەسیش برینداربوون. بەڵام بەپێی زۆرێک لە بەڵگەکان ئەگەری زۆرە ژمارەی گیانبەختکردوان زۆر لەوە زیاتر بێت. ئەم ئامارە هەروەها ئەو ژمارە فەرمییەش کە سەبارەت بە ڕێژەی خۆپیشاندەرانی ناڕازی لە نێوان ١٨ بۆ ٢٢ی بەفرانبار تۆمار کراوە و لە ڕێگەی سەرچاوەکانی سەر بە وەزارەتی بێهداشت و دەرمانی کۆماری ئیسلامییەوە بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤ ڕاگەیەندراوە، لەخۆ دەگرێت. ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە زۆربەی ئەو کەسانەی گیانیان بەختکردووە تەمەنیان کەمتر لە ٣٠ ساڵ بووە و لانیکەم ١٠ کەسیان ژن بوون و هەروەها لانیکەم ١٧ کەسیان تەمەنیان لە خوار ١٨ ساڵەوە بووە.

مەزەندە دەکرێت ژمارەی ڕاستەقینەی خۆپیشاندەرانی گیانبەختکردوو زۆر زیاتر لەو ئامارە پشتڕاستکراوە بێت.

ئەوەی ئەمڕۆ پێویستە، بریتییە لە پەرەسەندنی مانگرتنە سەرتاسەرییەکان و هەماهەنگ و گرێدراو بە بزووتنەوەی شەقامەوە، مانگرتن گەلێکی کە بە خستنەڕووی ویست و داواکاری ڕوونی بژێوی و سیاسی، ئامرازەکانی سەرکوتی ڕژێم لەکاربخەن. ئەزمونی شۆڕشی ١٣٥٧ و هەروەها شەپۆلە ناڕەزایەتییەکانی دەیان ساڵی ڕابردوو، ئەوە نیشان دەدات کە هەرکاتێک چینی کرێکار وەک هێزێکی کۆمەڵایەتی سەربەخۆ و ڕێکخراو هاتبێتە مەیدان، هاوکێشەکانی هێز بە خێرایی گۆڕانکارییان بەسەردا هاتووە. ئەمڕۆش له جەرگەی ئەم ئاخێزەی ئێستای خەڵکی ئێراندا، ڕۆڵی مانگرتنە کرێکارییەکان دەتوانێت چارەنووسساز بێت، ڕۆڵێکی که نەک هەر سیاسەتە سەرکەوتگەرانەکانی کۆماری ئیسلامی بێکاریگەر دەکات، بەڵکوو ڕێگا بۆ دەستەبەرکردنی ویست و داواکارییە بنەڕەتییەکانی جەماوەر لەوانە نان، کار و ئازادی، خۆش دەکات.

کۆڵبەرنیوز

Next Post

ئاخێزی مافخوازانەی جەماوەر، وەهمی سەرکەوتنی ئاسان

ش ژانویه 17 , 2026
سێ هەفتە بەسەر دەستپێکردنی ناڕەزایەتی بەربڵاو لە بازاڕی تاران لە کاردانەوە بە گرانی هەوسارپچڕاو و دابەزینی بەردەوامی بەهای تمەن تێدەپەڕێت. ئەو چەخماخەی کە سەرەتا بەهۆی ناڕەزایەتی بازاڕیانەوە لێدرا، بەخێرایی چوارچێوەی داواکارییە پیشەییەکانی تێپەڕکرد و بوو بە بزووتنەوەیەکی سیاسی دژی تەواوەتی کۆماری ئیسلامی. ئەم پێشهاتە خێرا و مانادارە جارێکی دیکە نیشانی […]

بابەتی پەیوەندیدار