«نازنینزەهرا ئێسمیخانی»، گەنجێکی کوردی ١٨ ساڵە و خەڵکی پارێزگای قەزوین، ناسنامەی یەکێکی تر لە گیانبەختکردووانی نارەزایەتییە سەرتاسەرییەکانی ١٩ی بەفرانبارە، کە لە ئەنجامی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی کۆماری ئیسلامی گیانی لەدەستداوە.

بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، شەوی هەینی ١٩ی بەفرانباری ١٤٠٤، نازەنینزەهرا ئێسمیخانی لە کاتی نارەزایەتییە جەماوەرییەکانی شاری «موحەمەدیە»ی قەزوین، کرایە ئامانجی تەقەی راستەوخۆی گوللەی جەنگی هێزە سەرکوتگەرەکان و بەهۆی سەختی برینەکانی گیانی بەختکرد. ئەم هاووڵاتییە گەنجە وێنەگر و موزیک ژەنی گیتار بوو و چالاکییە هونەرییەکانی لەنێوان هاوڕێ و ئاشنایانیدا ناسراو بوون.
تەرمی نازەنینزەهرا ئێسمیخانی لە ژێر ڕێوشوێنی توندی ئەمنییەوە، لە ئارامگەی شاری «حسار خُروان»ی قەزوین بە خاک سپێردرا. بەپێی زانیارییە بەدەستهاتووەکان، دەزگاکانی ئەمنی تەرمی ئەم گیانبەختکردووەیان بەرامبەر بە ٣٠٠ ملیۆن تمەن بە خێزانەکەی ڕادەست کردووە. دوای بەخاکسپاردن، خێزانەکەی بە شێوەی بەردەوام لەژێر چاودێری و فشاری دەزگاکانی ئەمنییدا بوون.
هەروەها ڕاپۆرتەکان ئاماژە دەکەن کە لە شاری قەزوین، هێزە لیباس شەخسییەکان بە ناساندنی خۆیان وەک پەیوەندیدار بە خێزانەکانی گیاننبەختکردووانی دیکە، سەردانی ماڵی بنەماڵەکان دەکەن و بە مانەوەی چەند کاتژمێرێک، دەست دەکەن بە کۆنترۆڵکردنی هاتووچۆ و کۆکردنەوەی زانیاری سەبارەت بە مەراسیمی بەخاکسپاردن و دۆخی خێزانەکان.

