
«ئارشیا قەیسەربەیگی» گەنجێکی خەڵکی سەراوڵە لە پارێزگای ئیلام، لەگەڵ تێپەڕبوونی ١٣ ڕۆژ بەسەر دەستبەسەرکردنیدا، هێشتا لە بێئاگاییەکی تەواو و لە یەکێک لە گرتووخانە ئەمنییەکاندا ڕاگیراوە. ڕاپۆرتە گەیشتووەکان باس لەوە دەکەن کە ناوبراو دوای دەستبەسەرکردنێکی توندوتیژانە و لەژێر ئەشکەنجەی توندی جەستەیی و دەروونیدا، لەگەڵ تۆمەتی قورسی «مەحاربە» و «گەندەڵی لەسەر زەوی» ڕووبەڕوو کراوەتەوە؛ تۆمەتگەلێک کە بەپێی گوتەی سەرچاوە ئاگادارەکان، لەسەر بنەمای دانپێدانانی زۆرەملێ کە لەژێر ئەشکەنجەدا لێی وەرگیراوە، لە دژی خراونەتە ڕوو.
بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، ڕۆژی سێشەممە ١٥ی گوڵانی ١٤٠٥، هێزەکانی ڕژیم بە هێرشکردنە سەر ماڵی ئارشیا قەیسەربەیگی لە سەراوڵە، بەبێ پێشکەشکردنی فەرمانی دادوەری، بە توندوتیژی دەستبەسەریان کردووە و بۆ شوێنێکی نادیاریان گواستووەتەوە. سەرچاوەیەکی ئاگادار لەمبارەیەوە ڕایگەیاند کە ڕێژەی لێدان و ئەشکەنجەدانی لە کاتی دەستبەسەرکردنیدا بە شێوەیەک بووە کە بووەتە هۆی شکانی شەویلگە، لووت و ددانەکانی ئەم هاووڵاتییە. بە گوتەی هەمان سەرچاوە، هێزەکانی ڕژیم هاوکات بەنیازی دەستبەسەرکردنی «ئەرشەک قەیسەربەیگی» برای ئارشیاش بوون، بەڵام سەرکەوتوو نەبوون لە دەستبەسەرکردنی.
ئارشیا قەیسەربەیگی دوای دەستبەسەرکردنی بۆ یەکێک لە گرتووخانە ئەمنییەکان گواستراوەتەوە و تا ئێستا لە هەبوونی پارێزەر، پەیوەندی و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەش کراوە. سەرچاوە ئاگادارەکان ڕایانگەیاندووە کە لێکۆڵینەوە لەگەڵیدا لە ژووری تاکەکەسیدا و لەگەڵ ئەشکەنجەی توندی جەستەیی بەردەوامە و سەرەڕای برینەکانی بەهۆی لێدان و کوتانەوە، هیچ جۆرە چاودێرییەکی پزیشکی بۆ ئەنجام نەدراوە.
بەپێی زانیارییە بەدەستهاتووەکان، ڕۆژێک دوای دەستبەسەرکردنی و لە ڕێکەوتی ١٦ی گوڵانی ١٤٠٥، دادگای گشتی و ئینقلابی شاری چەرداوڵ بە واژۆی «کەریم ئومێدی» دادوەر و جێگری لێکۆڵەر، بڕیاری دەستبەسەرکردنی کاتیی دوو مانگەی بۆ ئارشیا قەیسەربەیگی دەرکردووە. لەم بڕیارەدا، بە پشتبەستن بە «دانپێدانان و گوتەی»ی ناوبراو، تۆمەتەکانی «مەحاربە و گەندەڵی لەسەر زەوی»، «هێزنواندن بە چەک»، «ڕاگرتن و هەڵگرتنی چەک و تەقەمەنی جەنگی» و «تەقەکردنی نایاسایی» خراونەتە ڕوو.
لە دەقی ئەم بڕیارەدا بانگەشەی ئەوە کراوە کە تۆمەتە دراوەکان پاڵپشت بە «ڕاپۆرتی هێزی جێبەجێکار، کۆنووسی لێکۆڵینەوە و دەستگیرکردن و دانپێدانان و گوتەگەلی هاوتای ڕاستی لە کەشێکی تەواو تەندروست و سەلامەتدا» هاتوونەتە ئاراوە. ئەمە لە کاتێکدایە کە سەرچاوە ئاگادارەکان جەخت دەکەنەوە کە ئارشیا قەیسەربەیگی دوای دەستبەسەرکردنی بە شێوازێکی «دڕندانە» ئەشکەنجە دراوە و دانپێدانانە وەرگیراوەکان لەژێر گوشار و بە زۆرەملێ بوون.
هەروەها لە کاتێکدا لە دەقی بڕیاری دەستبەسەرکردنەکەدا جەخت لەسەر «تەندروستی و سەلامەتی» تۆمەتبار لە کاتی وەرگرتنی دانپێدانانەکاندا کراوەتەوە، ڕاپۆرتەکان باس لە شکانی لووت، شەویلگە و ددانەکان و بەردەوامیی ئەشکەنجەی توندی جەستەیی و دەروونی ناوبراو دەکەن؛ بابەتێک کە بانگەشە بڵاوکراوە لەلایەن دامەزراوە دادوەری و ئەمنییەکانەوە ڕووبەڕووی دژایەتییەکی جیدی دەکاتەوە.
لە بەشێکی تری ئەم بڕیارەدا، بە پشتبەستن بە ماددەی ٢٢٥ی یاسای ئایننامەی دادبینی سزایی، هاتووە کە ناوەڕۆکی بڕیارەکە بە تۆمەتبار ڕاگەیەندراوە و ناوبراو لە ماوەی ١٠ ڕۆژدا مافی نەهێشتنی تانەدانی لە دەستبەسەرکردنی خۆی هەیە. لەگەڵ ئەوەشدا، ئەم پرسیارە جیدییە دێتە ئاراوە کە کەسێک کە لە ژووری تاکەکەسیدا، بەبێ پارێزەر، بێبەش لە پەیوەندی لەگەڵ بنەماڵە و لەژێر ئەشکەنجەدا ڕاگیراوە، چۆن دەتوانێت بە شێوەیەکی کرداری مافی یاسایی خۆی بۆ تانەدان لە بڕیاری دەستبەسەرکردنەکە بەکاربهێنێت.
بەردەوامیی دەستبەسەرکردنی ئارشیا قەیسەربەیگی لە بارودۆخی بێسەروشوێنبوونی، ڕاگرتنی لە ژووری تاکەکەسی، بێبەشکردنی لە مافە سەرەتاییەکان و سەپاندنی تۆمەتی قورس لەسەر بنەمای دانپێدانانی زۆرەملێ، نیگەرانییەکان لەسەر مەترسی دەرچوونی سزای قورس، لەوانەش سزای لەسێدارەدان، لە دژی ئەم هاووڵاتییە زیادی کردووە.

