
ڕزگار شێخ جگەری، چالاکوانی سیاسی کورد و لێکۆڵەری بواری مافەکانی منداڵان، کە لەگەڵ هاوسەر و دوو منداڵەکەی نزیکەی ١٠ ساڵە لە وڵاتی تورکیا دەژین، دوای ساڵانێکی زۆر چاوەڕوانی بۆ یەکلاییکردنەوەی دۆسیەی پەنابەرییەکەیان، لەلایەن کۆمیساری باڵای پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە وەڵامی نەرێنییان پێدراوەتەوە و ئێستا لەژێر مەترسییەکی جیدیی دیپۆرتکردنەوە دان بۆ ئێران.
بەپێی ڕاپۆرتی “کۆڵبەرنیوز”، بەهۆی ڕەتکردنەوەی داوای پەنابەریی ئەم خێزانە، نیگەرانییەکان سەبارەت بە ئەگەری گەڕاندنەوەی زۆرەملێیان بۆ ئێران زیادی کردووە. سەرچاوە نزیکەکان لەم خێزانە هۆشدارییان داوە کە لە ئەگەری ڕادەستکردنەوەی ڕزگار شێخ جگەری بە ئێران، مەترسی دەستبەسەرکردن، ئەشکەنجەدان و دەرچوونی سزای قورسی دادوەری، تەنانەت سزای لەسێدارەدان، لەسەر ئەم چالاکە کوردە هەیە.
ڕزگار شێخ جگەری لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا لە بوارەکانی سیاسی و داکۆکیکردن لە مافەکانی منداڵان چالاک بووە. لەسەر ئەم بنەمایە، گەڕاندنەوەی زۆرەملێی خۆی و خێزانەکەی بۆ ئێران ڕووبەڕووی هەڕەشەی ڕاستەوخۆی گیانی، گوشاری ئەمنی و لێکەوتەی قەرەبوونەکراوەیان بکاتەوە.
لەو پێناوەدا، داوا لە ناوەندەکانی مافی مرۆڤ، ڕێکخراوەکانی نێودەوڵەتی و هەموو مرۆڤە ئازادیخوازەکان کراوە کە بۆ ڕێگری لە دیپۆرتکردنەوەی ئەم خێزانە هەوڵ بدەن و ڕێگری بکەن لە گەڕاندنەوەیان بۆ بارودۆخێک کە گیان و ئاسایشیان دەخاتە مەترسییەوە.
بەپێی بنەمای “قەدەغەکردنی گەڕاندنەوەی زۆرەملێ” یان (Non-Refoulement) لە یاسای نێودەوڵەتیی پەنابەراندا، نابێت هیچ پەناخواز یان پەنابەرێک بۆ وڵاتێک بگەڕێندرێتەوە کە تێیدا ڕووبەڕووی مەترسیی چەوسانەوەی سیاسی، ئەشکەنجە، مامەڵەی نامرۆڤانە، دەستبەسەرکردنی سەرەڕۆیانە یان هەڕەشەی گیانی ببێتەوە. هەروەها بەپێی کۆنفرانسی ساڵی ١٩٥١ی تایبەت بە دۆخی پەنابەران و کۆنفرانسی قەدەغەکردنی ئەشکەنجەی نەتەوە یەکگرتووەکان، حکوومەتەکان و دامەزراوە بەرپرسەکان ئەرکدارن پێش هەر جۆرە دەرکردن یان دیپۆرتکردنەوەیەک، بە وردی لێکۆڵینەوە لە مەترسییە ئەگەرەییەکان بکەن.

