ئومید حامێدی، مامۆستای ئامادەیی «شاهد» لە شاری کامیاران، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئەو شارە دەستبەسەر کرا و گواسترایەوە بۆ شوێنێکی نادیار.
بە پێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، ڕۆژی شەممە ١٧ی سەرماوەزی ساڵی ١٤٠٣، ئومید حامێدی، مامۆستای ئامادەیی «شاهد» لە شاری کامیاران، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئەو شارەوە دەستبەسەر کرا. بە پێی ئەم ڕاپۆرتە، هێزە ئەمنییەکان هەڵیانکوتایە سەر شوێنی وانەوتنەوەی ئەم مامۆستایە و دەستگیریان کرد. دوای دەستبەسەرکردنی ئەم هاوڵاتییە، هێزە ئەمنییەکان بردوویانەتە ماڵەکەی و دوای پشکنینی ماڵی ناوبراو دەستیان بەسەر کەلوپەلی تایبەتی ئەودا گرتووە.
پێشتریش ڕۆژی سێشەممە ١٣ی سەرماوەزی ساڵی ١٤٠٣، حەمید عەزیزی، مامۆستا لە گوندەکانی “گازرخانی” و “پاڵنگان”ی سەر بە شاری کامێران، دوای بانگهێشتکرانی بۆ بنکەی ئەمنییەتی بەشی پەروەردەی ئەم شارە، دەستبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار گوازرایەوە. حەمید عەزیزی دەرچووی دکتۆرایە لە زانستەکانی پەیوەندی و ڕاگەیاندن لە زانکۆی عەلامە تەباتەبایی لە تاران.
تا ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە هیچ زانیارییەک لەبارەی هۆکاری دەستگیرکردن و شوێنی دەستبەسەرکردن و تۆمەتی ئەو هاوڵاتییانە لەبەردەستدا نییە.